ئاوات حوسامەدین نوێنەری زەردەشتییەكان لە هەرێمی كوردستان دەڵێت، بودجە و هاوكاریی پەرستگە و ناوەندەكانیان بڕدراوە و ئەوەش دووچاری چەندین گرفتی كردوونەتەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، ئاوات حوسامەدین نوێنەری زەردەشتییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بودجە و پارەی هاوكاریی پەرستگە و ناوەندەكانیان بڕدراون، گرفت بۆ كار و چالاكییەكان دروستبووە و بارگرانییەكی زۆر كەوتووەتە ئەستۆیان.
نوێنەری زەردەشتییەكان، لەبارەی ئاستەنگییەكانی بەردەم كاركردنیان وتی، “چەندین كارمەند و چالاكوانمان خۆبەخشانە كاردەكەن و نەبوونی بودجە و داهات، رووبەڕووی گرفتی زۆری كردووینەتەوە، كەوتووینەتە ژێر بارگرانیی قەرزێكی زۆرەوە و پەرستگە و ناوەندەكانمان دادەخرێن”.
بەپێی وتەی ئاوات حوسامەدین، بەو پێیەی خەرجیی چالاكییەكانیان و تێچووی گەشتەكانی دەرەوەی وڵاتی گرتووەتە ئەستۆی خۆی، دووچاری گرفتی كۆمەڵایەتی و خێزانی بووەتەوە و وتی، “لەگەڵ هاوسەرەكەم تووشی كێشە بووم و لە دۆخێكی خراپی داراییدا دەژین”.