یەكێتیی ئەوروپا هۆشداریدەدات لەوەی ئامادەیە بۆ كشانەوە لە وتووێژەكانی ئاووهەوا ئەگەر نەگەنە ئەنجامێكی خوازراو، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕی خۆی نیشاندا لە ئەگەری گەیشتنە رێككەوتن لەنێو وتووێژكاراندا لە لوتكە كۆپ 27 لە میسر.
فرانس تیمرمانس، بەرپرسی سیاسەتەكانی ئاووهەوا لە یەكێتیی ئەوروپا لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان لە پەراوێزی لوتكەدا داوای لەلایەنەكانی دیكەی وتووێژەكان كرد هەنگاوێك بگرنەبەر كە گونجاوبێت لەگەڵ هەوڵەكانی یەكێتیی ئەوروپا بۆ گەیشتنە رێككەوتن.
یەكێتییەكە پێشنیارێكی رەتكردەوە كە سەرۆكایەتیی میسر پێشكەشی لایەنە بەشداربووەكانی لوتكەی كۆب 27ی كرد و بە “نا مەعقول” ناویبرد، چونكە رەنگە ببێتەهۆی سەرلەنوێ چاوخشاندنەوە بە پابەندییەكانی پێشوو دەربارەی دابەزاندنی دەردراوە گازییەكانی هۆكاری گەرمبوون.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەرپرس لە وەزارەتی گواستنەوەی وزەی فەرەنسی رایگەیاند، “لەم قۆناغەدا، سەرۆكایەتیی میسر پاشەكشە دەكات لەو دەستكەوتانەی لە گلاسكۆ بەدیهاتن دەربارەی كەمكردنەوەی دەردراوەكان”، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەنجامەكانی كۆنگرەی لایەنەكان دەربارەی ئاووهەوا “كۆب 26″ی ساڵی رابردوو، دووپاتیكردەوە، “ئەم كارە نامەعقولە سەبارەت بە فەرەنسا و وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا”.
ڕێککەوتنی پاریس سەبارەت بە ئاووهەوا کە بەردی بناغەی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی ئاووهەوا پێکدەهێنێت، تایبەتە بە سنووردارکردنی گەرمبوون بۆ خوار دوو پلەی سەدی، یان ئەگەر بتوانرێت بۆ 1.5 پلەی سەدی بە بەراورد بە ئاستی پێش پیشەسازی.
لە گلاسکۆی ساڵی رابردوو، بەشداربووان ئەم ئامانجە گەورەیەیان دووپاتکردەوە، دوای ئەوەی وڵاتان رێککەوتن لەسەر پێداچوونەوە بە کەمکردنەوەی ساڵانەی کاربۆن .
لە هاوینەهەواری شەرم ئەلشێخ لە میسر کە كۆنگرەی ئاووهەوای تیا بەڕێوەدەچێت، دانوستانەكان پەكیانكەتووە بەهۆی هەندیك خاڵی هەڵپەسێردراو، لەوانەش چۆنیەتی بەخێرایی ناردنی پارە بۆ وڵاتانی دواكەوتوو، ئەوانەی بە كردەیی باهۆز، وشكەساڵی، شەپۆلی گەرما و لافاویان رووبەڕووبووەتەوە.