بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی لەبارەی ئەو پەتایەی بڵاوبووەتەوە ڕوونکردنەوە دەدات و ڕایگەیاندووە، نیشانەکانی بەزۆری لەرزوتا، لەش داهێزران، قوڕگ گیران و سەر ئێشەیە و دەکرێت کۆرۆنا یان پەتایەک بێت کە مشەخۆر دروستیدەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی لە زاری دکتۆر زانیار ئاغالە پزیشکی پسپۆڕەوە بڵاویکردووەتەوە، نەخۆشییەکە ئەگەری هەیە کۆرۆنا بێت یان پەتایەک کە لە مشەخۆرەکانەوە دەگوازرێتەوە یان کۆرۆنا بێت، بەڵام مەحاڵە هەڵامەت بێت.
ئەو پزیشکە پسپۆڕە دەڵێت، ” ئەگەر هەیە کۆرۆنا بێت، بەهۆی ئەوەی لەئێستادا كۆرۆنا بەفەرمی هێشتا ماوە لەسلێمانی و بەپشكنینی تەواویش كە لێرە پێی دەڵێن پشكنین لووت دەركەوتووە كە كۆرۆنا هێشتا هەیە”.
بەپێی پزیشکەکە، ” ئەگەری هەر زۆر ئەوەیە ئەنفلوەنزا بێت، چونكە لەسلێمانی باوە لەناوەڕاستی پایز ئیتر ئەنفلوەنزا بڵاودەبێتەوە و هۆكاری سەرەكیش كردنەوەی قوتابخانەكانە، بوونی مناڵ بەكۆمەڵ لەیەك پۆلدا باشترین مۆڵگەیە پەتا تێیاندا بڵاوببێتەوە و لەیەكترەوە بیگرن و ئەوانیش دەهێننەوە بۆ ماڵەوە و كەسوكاریان تووش دەكەن. ئینجا لەمناڵ زۆربەی كات ئاسانە،بەڵام ئەنفلۆنزا لەگەورەكاندا بەهێزە و بگرە جاری وایە دەبێتە مردنی ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژ خایەنیان هەیە”.
ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە ئەو کەسانەی تووشدەبن خۆیان کەرەنتینە بکەن و لە ماڵەوە بمێننەوە، ئەگەر منداڵێکیش تووشبوو نەچێتەوە قوتابخانە و لە ئەگەری درێژە کێشانی لەرزوتادا پزیشکیکی پسپۆڕ بیبینێت.