لەسەر بڕیاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم، وەزارەتی پەروەردە لیستێک لە خواردن و خواردنەوەی لە خوێندنگەکاندا قەدەغەکرد و لیستی ئەو خواردن و خواردنەوانەشی دیاریکرد کە رێگەپێدراون بە خوێندکاران بفرۆشرێن.
بە پێی نوسراوێکی وەزارەتی پەروەردە کە پشتبەستووە بە نوسراوێکی دیکەی وەزارەتی تەندروستی و ئاڕاستەی سەرجەم پەروەردە گشتییەکانی کردووە، لیستی ئەو خواردن و خواردنەوانەی دیاریکردووە کە لە خوێندنگەکاندا قەدەغە کراون و لەگەڵ ئەو خواردن و خواردنەوانەشی کە رێگە بە فرۆشتنیان دراوە.
وەک لە نوسراوەکەدا هاتووە، “لەفەی گۆشت، قیمە، جگەر، پەتاتە و هەر جۆرە لەفەیەکی دیکەی سوورەوەکراو و ئەو جبسانەی دەست رەنگدەکەن و هەموو خواردنەوە گازی و وزە بەخشەکان و ئیندۆمی و بنێشت و مۆتا و چلورە لەگەڵ سماق و لیمەندۆزی قەدەغەن.
هەر لە نووسراوەکەدا هاتووە، “میوەکان وەک (مۆز، پرتەقاڵ، سێو) و میوە وشککراوەکان، شەربەتی سروشتی و شیر و بەرهەمە لەقوتوکراوەکانی و برنج و شلە و مریشک و پەتاتەی کوڵاو و لەفەی فەلافل بە مەرجێک رۆنەکەی یەک جار بەکاربهێندرێت رێگەپێدراون”.