قائیمقامی هەولێر: جوتیارە نمونەییەکە لە سنووری ئێمە نییە بۆیە ڕێگە نادەین لێرە فێستیڤاڵ بکات

نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی هەولێر ڕایگەیاند، جوتیارە نمونەییەکە کە داوایکردووە فێستیڤاڵی هەنار لە هەولێر بکاتەوە، تێبینیی زۆرمان لەسەری هەیە، ئەو لە سنووری پارێزگای هەولێر نییە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەوترێت هەناری فێستیڤاڵەکەی پار بەرهەمی ناوخۆ نەبووە و هاوردەکراوبووە.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا  نەبەز عەبدولحەمید ڕایگەیاند، “ئەوەی دەبێت ڕێگە بە ئەنجامدانی فێستیڤاڵ بدەین تەنها ئێمە نین بەڵکو بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و وەزارەتیشی تێدایە، بەڵام ئەو کەسەی داوای کردووە فێستیڤاڵی هەنار ئەنجامبدات لە هەولێر، لە سنووری ئێمە نییە و سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێمە هیچ زانیارییەکمان لەبارەی بەرهەم و باخی ئەو جوتیارەوە نییە، نازانین توانای چەندە، جگە لەوەی ئەو داوای کردووە 17ی ئەم مانگە فێستیڤاڵ بکات، ئەوکاتەش هیج بەرهەمێکی هەنار نامێنێت و وەرزی هەنار نییە”.

قائیمقامی هەولێر وتیشی، “سەرەڕای تێبینیی زۆری ئێمە، ئەو خەڵکانەی چوونەتە فێستیڤاڵی ساڵی ڕابردوو باس لەوە دەکەن کە بەرهەمی هەناری ئەو فێستیڤاڵە ناوخۆ نەبووە و هاوردەکراوبووە”.

باسی لەوەکرد، بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا فێستیڤاڵێکی گەورە لە هەولێر ئەنجامبدرێت بۆ سەرجەم بەرهەمە ناوخۆییەکان بە هەناریشەوە، هەر جوتیارێکی سنووری پارێزگای هەولێر بیەوێت دەتوانێت بەشداری تێدا بکات.

ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر جوتیارە نمونەییەکەی هەڵەبجە پێشتر ڕایگەیاند، کە داوای کردووە لە لە هەولێر فێستیڤاڵی هەنار ئەنجامبدات و ڕێگەی پێنەدراوە.

بابەتی پێشتر

ئەو کەسەی کەسێکی دیکەی بە تەوراس بریندارکردبوو دەستگیرکرا

بابەتی دواتر

چوونە یانەی شەوانە لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان قەدەغەکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share