دوای كەوتنەخوارەوەی لە شاخی بەرانان، لە ئێوارەوە هاوڵاتییەك گیریخواردووە و داوادەكرێت هێلیكۆپتەر بچێت بەهانایەوە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، “ناتوانین”.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، هاوڵاتییەكی دانیشتووی قەزای دەربەندیخان بە ناوی بەهمەن حەمید كە تەمەنی 28 ساڵە، لە كاتی شاخەوانیدا لە شاخی بەرانانەوە كەوتووەتە خوارەوە و برینداربووە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە دەربازبكرێت.
کەیوان ئەحمەد بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دەربەندیخان لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، نوێترین زانیارییەكانی لەبارەی دۆخی هاوڵاتییەكەوە ئاشكراكرد و وتی، تیمەكانیان گەیشتوونەتە لای و هەوڵی دەربازكردنی دەدەن، بەڵام بەهۆی سەختیی شوێنەكەوە نەیانتوانیوە دەربازی بكەن.
وتیشی، “قائیمقامی دەربەندیخان داوای لە وەزارەتی ناوخۆ كردووە هێلیكۆپتەر رەوانەی شوێنەكە بكەن بەمەبەستی دەرهێنانی هاوڵاتییەكە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ پێیڕاگەیاندووە كە ناتوانن لە شەودا هێلیكۆپتەر بنێرن”.
بەپێی وتەی کەیوان ئەحمەد، ئەو شوێنەی بەهمەن حەمید تیایدا گیریخواردووە هەڵكەوتەكەی سەختە و دەرهێنانی لەو شوێنە دژوارە، بۆیە پێدەچێت تا بەرەبەیان لەو شوێنەدا بمێنێتەوە و وتی، “دۆخی تەندروستیی هاوڵاتییەكە باشە و چاوەڕوانی گەیشتنی تیمەكانی تەندروستی دەكەین بگەنە شوێنەكە و فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ بكەن”.