كەشناسی: باران لە پایزدا ناگاتە ئاستی تێكڕایی و لە زستاندا زیاددەكات

بۆ ئەمساڵیش كەشوهەوا لەژێر كاریگەریی دیاردەی لانینادا دەبێت، بەرپرسێكی كەشناسیی ئاشكرایدەكات بەپێی پێشبینییەكان باران لە وەرزی پایزدا ناگاتە ئاستی تێكڕایی و لە زستاندا زیاتر دەبێت.

لەگەڵ ئەوەی مانگی یەكەمی وەرزی پایز تێپەڕبووە، هێشتا كەمترین بڕی باران ناوچەكەی گرتووەتەوە، ترس لە وشكەساڵی یان كەمبارانی لە ئارادایە و پێشبینییەكانیش ئەوە دەسەلمێنن.

ئاسۆ كەمال، بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، پاڵپشت بەو راپۆرتانەی كەشوهەوا كە لە بەشی پێشبینی زۆرێك لە دەزگا جیهانییەكانەوە و ئەو نەخشەی كەشوهەوایەی سەبارەت بە ناوچەكە دەردەچێت، هەروەها هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو فاكتەرانەی كاریگەرییان لەسەر كەشوهەوای هەموو جیهان هەیە پێشبینییەكانیان بۆ بارانبارین و تێكڕاكەی دەخەنەڕوو.

وتیشی، “لە ئێستادا بۆ وەرزی سێیەمە دیاردەی لانینا هەر باڵادەستە، دیاردەكە یەكێكە لەو فاكتەرانەی كاریگەری لەسەر گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و بارانبارینی ناوچەكە هەیە”.

ئاسۆ كەمال ئەوەشی خستەڕوو، زاڵبوونی دیاردەی لانینا هۆكارێكە بۆ ناڕێكوپێكی بارانبارینی ئەم ناوچەیە، زۆر جاریش دەبێتە هۆی ئەوەی باران ئاستی تێكڕایی خۆی تێناپەڕێنێت.

بەهۆیەوە بەپێی پێشبینییەكان پێدەچێت بارانبارین لەم وەرزەی پایزدا لە ئاستی تێكڕاییدا نەبێت، بەڵكو لەخوار تێكڕاییەكانەوە بێت، وەك ئەوەی بەرپرسەكەی كەشناسی ئاماژەی پێدا و روونیكردەوە، “ئەمە بەمانای ئەوە نییە كە بارانبارین هەر نەبێت و وشكییەكی تەواوەتی بێت”.

سەبارەت بە وەرزی زستانیش وتی، “پێدەچێت لە مانگی كانونی یەكەم و سەرەتای ساڵی داهاتوودا شێوەیەك لە گۆڕانكاری بەسەر بارانباریندا بێت و نزیك ببێتەوە لە ئاستی تێكڕاییەكان”.

دیاردەی لانینا خولێكی ناڕێكە لە گۆڕانی با و پلەی گەرمای ئاوەكانی زەریای ئارام كە لە ناوچە كەمەربەندییەكانی زەوی، بەتایبەت لە ناوچەكانی ئەمریكای باشوور، كەناراوەكانی وڵاتانی وەك شیللی، پیرۆ و ئیكوادۆر روودەدات.

ئەم ناوچانە زۆر جار پلەكانی گەرمای بەرزدەبێتەوە، كە بەرزبووەوە، ئەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی حاڵەتی ئاڵنینۆ، هەندێكجاریش بەهۆی كاریگەریی زەریا و و تەوژمی ئاوی ژیر زەریاوە و سوڕی خولی وۆڵكەر دەبنە هۆی ساردبوون و دروستبوونی لانینا.

دروستبوونی ئاڵنینۆ، كاریگەری لەسەر ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت و بۆ بارانبارین زۆر باشە، ساردبوون و دیاردەی لانینا-ش بە پێچەوانەوە دەبێتەهۆی كەمبوونی دابارین.

بەرپرسەكەی كەشناسی ئەوەی روونكردەوە، ئەو دیاردەیە یەكێكە لە فاكتەرەكان، لەگەڵ ئەودا كۆمەڵێك فاكتەری دیكە هەن كە كاریگەرییان لەسەر ناسەقامگیریی كەشوهەوا و بارانبارین هەیە لەوانەی بەرز و نزمیی زەریای ئەتڵەسی، بەرز و نزمی كەشی جەمسەرەكان، زۆربوونی گازە گەرمكەرەوەكان، دیاردەی قەتیسبوونی گەرما و گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا كە كاریگەرییان لەسەر كەشوهەوای جیهان دەبێت.

باسی لەوەشكرد، لەگەڵ ئەوەشدا ناوچەكەمان بەدرێژایی دەیان ساڵی رابردوو لەڕووی بارانبارینەوە لە گۆڕانكارییدا بووە، بۆ نمونە لە ساڵی 1999دا لە سلێمانی تەنها 225 ملم باران باریوە، لەكاتێكدا وەرزی 2018/ 2019 هەزار و 317ملم باران باریوە.

بەرپرسەكەی كەشناسیی دووپاتیشیكردەوە، لەكاتێكدا تێكڕای باران لە سلێمانی لەنێوان 675 بۆ 700 ملم دایە، نزیكەی شەش وەرز هەیە كە لە سەروو هەزار ملم-ەوە باران باریوە.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) ئینته‌ر میلان گه‌یشته‌ (16) و به‌رشلۆنه‌ی ڕه‌وانه‌ی "یوروپالیگ" کرد

بابەتی دواتر

لوقمان وەردی: یەكێتی سوورە لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share