زانیاریی نوێ لەبارەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی بۆردومانەکانی تورکیا و ئێران

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەوەی لەبارەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی بۆردومانەکانی تورکیا و ئێران دەوترێت تەنها هەوڵە و بڕیاری لەبارەوە نەدراوە.

کاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “مەسەلەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی بۆردومانەکان بە دوو رێگە دەبێت یان بە پرۆژە یاسایەک یان بە بڕیارێک دەبێت، بە نیسبەت یەکەمیانەوە ئێمە خوێندنەوەی یەکەممان بۆ هەمواری یاسای دەزگای شەهیدانی عێراق کردووە و ئەوەی بۆ زیادکراوە ئەوانەی لە خۆپیشاندانەکانی تشرین کوژران بە شەهید هەژمارکران و هەموو مافەکانی شەهیدان دەیانگرێتەوە، دەبێت هەوڵبدەین لە خوێندنەوەی دووەم جێی ئەم بابەتەش  بکەینەوە”.

وتیشی، “ئێمە  لە ئەنجومەنی نوێنەران دوو دانیشتنی تایبەتمان هەبووە، یەکێکیان تایبەت بە بۆردومانەکانی تورکیا ئەوی دیکەشیان تایبەت بە بۆردومانەکانی ئێران لە هەردووکیدا کۆدەنگی لەسەر ئەوە بوو ئەوانەی لەو بۆردومانانەدا گیانیان لە دەستدا بە شەهید هەژماربکرێن و ئەوانەشی زەرەرمەندی ماددی بوون قەرەبوو بکرێنەوە”.

باسی لەوەشکرد، “بڕیار بوو لیژنەی دەرەوە و ئاسایش و بەرگری عێراق راسپاردەیەک لە ژێر رۆشنایی ئەو کۆبوونەوانە  رادەستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بکەن بۆ ئەوەی بکرێنە بڕیار، کە یەکێک لە خاڵەکانی تایبەت بێت بە شەهید هەژمارکردنی کوژراوانی بۆردومانەکان و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوان، بەڵام  بەهۆی دروستبوونی خۆپیشاندانەکان و دواکەوتنی دانیشتنەکانی پەرلەمان ئەو راسپاردەیە رادەست نەکران”.

ئاشکراشی کرد،”ئەوەی تائێستا هەیە تەنها هەوڵە و وەک بڕیار یەکلا نەبووەتەوە، چونکە نازانین کەی خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای دەزگای شەهیدانی عێراق دەکرێت”.

 

بابەتی پێشتر

ناسا تیمێکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە دیاردە نهێنییەکانی کەشوهەوا پێکدەهێنێت

بابەتی دواتر

وەزیرێكی پێشوو: ئەوروپا شكستی زامنكردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share