مەزڵوم عەبدی: بەرپرسیارێتیی هێرشی سەر زیندانی حەسەکە دەگرینەئەستۆ بەڵام داعش لە گەشەکردنەوەدایە

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەبارەی هێرشەکەی مانگی ڕابردووی سەر زیندانی غوێران لە حەسەکە دەڵێت، مەترسی و هەڕەشەکانی داعش لەناوچەکە زیادیان کردووە، ئەگەر ڕێکاری پێویست نەگیرێتەبەر جارێکی دیکە گەشەدەکاتەوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند، ئەوان ڕێکارە بەپەلەکانیان گرتووەتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە چالاکبوونەوەی شانە نوستووەکانی داعش، بەڵام ڕێکخراوەکە سەلماندی کە “لەدۆخی یاخیبووندا نەرمی نانوێنێت”.

عەبدی ئاماژەی بەوەکرد، مەترسییەکانی داعش هێشتا زۆرن “ئێمە بە داعش دەورەدراوین چەندین جار ئەمەمان وتووە، ئەگەر ئێستا هەوڵنەدەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش جارێکی دیکە بڵاودەبنەوە”.

جەختیکردەوە، کە ڕێکارە پێویستەکانیان گرتووەتەبەر لەوانە، چۆڵکردنی ئەو ناوەندانەی دەستگیرکراوەکانی تێدابووە و ئەگەری هێرشی هاوشێوەیان لەسەربووە، هەروەها ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان بەردەوامن لەو ناوچانە و لە حەسەکەش شەوانە هاتوچۆ سنووردارکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا مەترسییەکان بەردەوامن.

سەبارەت بەو هێرشەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەفتەی ڕابردوودا لە ئیدلب ئەنجامیدا و سەرکردەیەکی داعش بەناوی ئەبو ئیبراهیم قورەیشی کوژرا، عەندی وتی، “هێزەکانی سوریای دیموکرات هاوکارییان کردوون بە ئاسانکاری لە تێپەڕین و خزمەتگوزاری لۆجیستی بە هێزەکانی ئەمریکا بەڵام لەسەر زەوی هێزە شەڕکەرەکانمان بەشدارییان نەکردووە وتیشی، “ئاسایش و پارێزراویمان بۆ ئەوانە دابینکردووە کە تێپەڕیون، ئەمە هەموو ئەوەیە کە دەتوانین بیڵێین”.

لەلایەکی دیکەوە باسی لە هێرشەکەی سەر زیندانی غوێران کرد و بە ئاژانسەکەی وتووە، “بەرپرسیارێتیی بەشێک لە هێرشەکەی سەر زیندانی حەسەکە لە ئەستۆ دەگرین”، لەو هێرشەدا 121 لە هێزەکانی سوریای دیموکرات شەهیدبوون و بە خوێناویترین هێرشی داعش دادەنرێت لەدوای ساڵی 2019ـەوە کە ڕێکخراوەکە زۆرینەی ناوچەکانی لەدەستدا عەبدی دەڵێت، “ئەرکەکانمان بەباشی جێبەجێ نەکردبوو”.

فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاماژەی بەوەکردووە، “زانیاریی هەواڵگرییان پێگەیشتووە کە شانە نوستووەکانی داعش پلان بۆ ئەنجامدانی دوو هێرش دادەنێن بەمەبەستی ڕزگارکردنی هاوڕێ و کەسوکارەکانیان لە زیندانەکان، وەک بینیمان یەکێک لە هێرشەکان ئەنجامدرا”.

وتیشی، بەڵام کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش کەمتەرخەمبوون، ” به‌شێك له‌و به‌رپرسیارێتییه ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئەوان و پێویسته‌ به‌رپرسیارێتیی هه‌زاران بەندکراو له‌ گرتووخانه‌كان و ئه‌و كه‌مپانه‌ی له‌لایه‌ن هه‌سه‌ده‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن، له‌ ئه‌ستۆبگرێت، چونكه‌ تائێستاش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌منیین لەوێدا”.

بابەتی پێشتر

بایدن ڕەزامەندیدا لەسەر خەرجکردنی حەوت ملیار دۆلار لە پارە سڕکراوەکانی ئەفغانستان بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی وڵاتەکە

بابەتی دواتر

بایدن بۆ هاوڵاتییانی ئەمریکی: ئێستا ئۆکرانیا جێبهێڵن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share