ئەندامێكی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، دۆسیەی بردنی زیاتر لە 3.5 ترلیۆن دینارەكەی عێراق لەلایەن پێنج كۆمپانیاوەیە و سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی كابینەی پێشوو و روونیدەكاتەوە، تەمەنی خاوەنی یەكێك لە كۆمپانیاكان 21 ساڵە.
ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، چیرۆکی ئەم دزییە کە بە “دزیی سەدە” ناوزەدکرا، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کابینەی حەیدەر عەبادی كە نووسینگەکەی لە بەرواری 2017/2/26 نامەیەک ئاراستەی دەستەی باج و دیوانی چاودێری دارایی دەکات تا دیوان هەستێت بە وردبینی لە هەموو ئەو راسپاردانەی کە لە کۆمپانیا نەوتیەکان و کۆمپانیاکانی بازرگانی و وەبەرهێنان وەرگیراون.
ئەو راسپاردانە بڕەکەی 5%ی هەموو گرێبەستێکە كە لە حسابێکدا لە بانکی ڕافیدەین دادەنرێت تا ئەوکاتەی ئەو کۆمپانیانە پاکتاوی باج و غەرامە تەواودەکەن و ئەستۆپاکیی خۆیان وەردەگرن.
ئەحمەد حاجی روونیكردەوە، ئەگەر لەماوەی پێنج ساڵدا ئەو کۆمپانیانە مامەڵەی وەرگرتنەوەیان نەکرد، ئەوا نەختینەکانیان دەچێت بۆ خەزینەی دەوڵەت و دەبێت بەداهات، مەگەر بەهانەیەکی باوەڕپێکراو نیشان بدەن بۆ ئەوەی لەماوەی پێنج ساڵی دیکەدا تەواوی بكەین، ئەگینا بەیەکجاری دەچێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، پاش ئەوەی هەندێ کەسی دەستڕۆیشتووی سەر بە هێزە سیاسییەکان هەستدەکەن بوار هەیە ئەو پارانە بەدەستبهێنن، هەڵدەستن بە دامەزراندنی پێنج کۆمپانیای وەهمی و دەستدەکەن بە وەرگرتنی ئەو راسپاردانە کە لەڕاستیدا پارەی ئەو کۆمپانیایانەیە کە کاریان جێبەجێکردووە.
جوڵاندنی دۆسیەكە لیژنەی دارایی خولی پێشووەوە دەستیپێكردووە، بەڵام ئەوکات خولی ئەنجومەنی نوێنەران نزیک بووە لە کۆتاییهاتن و لیژنەکەش دەوامی نەماوە و هیچ کۆبوونەوەیەکیشی نەکردووە.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی خولی پێشوو ئاشكراشیكرد، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە 2021/7/13 نامەیەک ئاراستەی دەستەی باجی فیدراڵی دەکات کە لەبەر ئاڵۆزیی مامەڵەکانی وردبینی، پێشنیاری لادانی دیوانی چاودێری دەکات لە وردبینییەکە و دەستەی باجیش دوای 13 رۆژ واتە لە 2021/8/1 نامەکە ئاراستەی نووسینگەی وەزیری دارایی دەکات و وەزیری دارایش نامەکە ئاراستەی نووسینگەی سەرۆک وەزیران دەکات و، لەهەمان رۆژدا نووسینگەی سەرۆک وەزیران رەزامەندی دەدات لەسەر پێشنیارەکەی لادانی دیوان.
دەشڵێت، پێنج کۆمپانیا بەناوەکانی (شرکة الحوت الاحدب، شركة رياح بغداد، شركة القانت، شركة المبدعون و شركة بادية المساء) لە ماوەی 11 مانگدا و لەنێوان ئەیلولی 2021 تا ئابی 2022 بە 247 چەكی بانكی لە دوو لقی بانكی رافیدەین بڕی سێ ترلیۆن و 701 ملیار و 380 ملیۆن و 882 هەزار دینار (نزیكەی 2.5 ملیار دۆلار) رادەكێشن.
ئەوەشی وت، “وادیارە هەموو پارەکەشیان بە کاش وەرگرتووە و گومان هەیە کە براوەتە دەرەوەی وڵات، چونکە لەو مێژووەدا بڕی خستنەبازاڕی دۆلار زۆر زیادیکردبوو”.
پەرلەمانتارەكەی پێشوو ئاماژە بەوەشدەكات، یەکێک لە کۆمپانیاکان ناوەکەی کوردییە و خاوەنەکەی تەنها 21 ساڵە و رەگەزنامەكەی لە هەولێر دەرکراوە، دوو لە كۆمپانیاكانیش هەمان پارێزەریان هەیە.
پێنجشەممەی رابردوو ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری پێشووی دارایی بە وەكالەت دزرانی ئەو پارەیەی لە داهاتی عێراق ئاشكراكرد و وتی، “كۆمەڵێك كەسی دیاریكراو، بڕی 3.7 تریلیۆن دینار (2.5 ملیار دۆلار)یان لە پارەی باج لەناو بانكی رافیدەین دزیوە”.
دواتریش دەستەی دەستپاكیی عێراق لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، دۆسیەكە لێكۆڵینەوەی تیاكراوە و لەئێستادا خراوەتە بەردەم دادگا.