د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری نوێی عێراق، پەیامێكی ئاراستەی لایەنە سیاسییەكان كرد و داوای دەستپێكردنی گفتوگۆی سیاسی دەكات.
كەمێك لەمەوبەر د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق، پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕوو لە لایەنە سیاسییەكان دەڵێت، “خۆم بە پابەند دەبینم بانگتانبكەم بۆ گفتوگۆیەكی سیاسی كە تیایدا داوا لە كەس ناكرێت سازش لە ئامانج و داواكارییەكانی بكات، تەنها هیواخوازم لەسەر كۆمەڵێك بنەمای فەرمانڕەوایی ڕێكبكەوین كە لە ڕێگەیانەوە كاری سیاسی لەم ماوەیەدا ڕێكبخرێت، بە جۆرێك سەقامگیریی عێراق و بەرژەوەندییەكانی هاوڵاتییان و ئاسایشیان پارێزراوبن”.
سەرۆك كۆمار ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە چەندین سەرۆك و وەزیر و پارتی بینیوە هاتوون و تێپەڕیون و نەماون، بۆیە بە تێڕوانینی ئەو پۆستەكان بەهایان نییە و ئەوەی دەمێنێتەوە كاری باش و بنیادنەرانە و دادپەورەرییە لە حوكمڕانیدا، بۆیە وەك خۆی ئاماژەی بۆ كردووە، داوای گفتوگۆیەكی كراوە دەكات بە ئامانجی ڕاگرتنی بارگرژی و ئاڵۆزیی زیاتر.