فارس عیسا: پێدەچێت كۆتایی ئەم هەفتەیە پرۆژەی بودجە بخرێتە دەنگدانەوە

فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد

سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغداد ئەجێندای سەردانی ئەمجارەی شاندی هەرێم بۆ بەغداد ئاشكرادەكات و دەشڵێت، “هەموو بۆچوونەكان بەرەو ئەوەیە ڕۆژی پێنجشەممە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە ئەنجامبدرێت”.

فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئازار بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، سەردانی ئەمجارەی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد بەمەبەستی ئاگاداربوونە لە هەر گۆڕان و پێشهاتێكی تایبەت بە پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراقدا.

وتیشی، “بڕیارە شاندەكە ئەمجارەش لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران كۆببنەوە تایبەت بەو دەقەی بودجە كە پەیوەستە بە خەڵكی كوردستانەوە تا وەك خۆی چۆن هاتووە تێپەڕێندرێت”.

فارس عیسا ئەوەشی ئاشكراكرد، هەموو بۆچوونەكان بەرەو ئەوەیە ڕۆژی پێنجشەممە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە ئەنجامبدرێت، سەردانەكەی ئەمجارەی شاندی هەرێمیش لەچوارچێوەی ئەو ئەگەرەدایە.

بڕیاریشە كەمێكی دیكە شاندەكە بگاتە بەغداد، وەك ئەوەی سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم ئاماژەی پێدا.

لە كاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم وتی، “ئەمڕۆ شاندی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغداد دەكات، بۆ درێژەدان بە گفتوگۆكان”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “ئومێدەوارین ڕێككەوتن لەسەر پرۆژەیاسای بودجە بكرێت و هەنگاوێك بێت بۆ بونیادنانی متمانە لەنێوان هەردوولا”.

جوتیار عادل ئەوەشی ئاشكراكرد، هەمان ئەو شاندە دەڕۆنەوە بەغداد كە پێشتر بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی چوونە بەغداد.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژان و كاتی قەدەغەی هاتوچۆی كەمكردەوە

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی كۆدەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
3
Share