پۆلیسی سلێمانی ئاشکرایکرد، گیانلەدەستدانی چوار ئەندامی خێزانەکەی گەڕەکی چوارباخ بەهۆی تەزووی کارەباوە بووە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “بەیانی ئەمڕۆ لەماڵێكدا و لە گەڕەكی چوارباخ لە شاری سلێمانی بەهۆی تەزووی كارەباوە چوار ئەندامی یەك خێزان گیانیان لەدەستدا، دوای گەیشتنی تیمەكانی بەڵگەی تاوانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی كەشف و هێڵكاری شوێنی ڕووداوەكە كرا و دەركەوت كە هەرچوار قوربانییەكە بەهۆی تەزووی كارەباوە گیانیان لەدەستداوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “دوای بردنی تەرمەكان بۆ پزیشكی دادوەری، هۆكاری گیانلەدەستدانەكەیان پشتڕاست كرایەوە كە بەهۆی تەزووی كارەباوە بووە”.
ئاشکراشیکرد، “قوربانییەكان باوك و دایك و دوو منداڵی كوڕ و كچیانن بەناوەكانی عادل مستەفا سەعید لە دایكبووی ساڵی 1966، شعریە عەلی ئەمین لە دایكبووی ساڵی 1972، محەمەد عادل مستەفا لە دایكبووی ساڵی 1999 ، جوان عادل مستەفا لەدایكبووی ساڵی 2002”.