لیژنەی دارایی: سێ هۆکار ڕێگرن لەبەردەم لابردنی سفری سەر دیناری عێراقی

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لابردنی سفری سەر دیناری عێراقی بە پرۆسەیەکی قورس دادەنێت، بەبڕوای ئەو پەرلەمانتارە سێ هۆکاری سەرەکی ڕێگرن بۆ ئەو پرۆسەیە کە یەکێکیان ناسەقامگیریی وڵاتە.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، “گۆڕینی دراو پرۆسەیەکی قورسە بۆیە پێموانیە لە عێراق بتوانرێت ئەو هەنگاوە بنرێت چونکە عێراق قەیراندایە لەڕووی سیاسییەوە”.

جەمال کۆچەر وتی، سێ هۆکار ڕێگرن لەبەردەم لابردنی سفرەکانی سەر دیناری عێراقی یەکێکیان ئەوەی وڵاتان خۆیان ئەوە دەکەن بۆئەوەی دراوەکەیان گەورەبێت، بۆ نمونە لە تورکیا و ئێران سفرەکانی زیاترە لە دیناری عێراقی.

بەپێی ئەو پەرلەمانتارە هۆکارێکی دیکە ناجێگیریی دۆخی عێراقە، ئەو وڵاتانەی لەڕووی سیاسییەوە بەتەواوی جێگیرن و هیچ کێشەیەکیان نییە دەتوانن گۆڕانکاری لە دراودا بکەن بەڵام عێراق ئێستا قەیرانی قوڵی سیاسیی هەیە، هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە گۆڕینی دراو پێویستی بە کشاندنەوەی سەرجەم دراوی وڵات هەیە و دووبارە خستنە بازاڕی دراوی نوێ هەروەها قەرەبووکردنەوەی هاوڵاتییان ئەمانەش ڕێگریی گەورەن.

باسی لەوەشکرد، ئێستا عێراق دەیەوێت 20 هەزار دیناری دروستبکات ئیتر چۆن بڕیار دەدات سفرەکان لاببات بۆیە ئەو پرۆسەیە قورسە و ئەگەری زۆر کەمە بکرێت.

سەبارەت بە 20 هەزار دیناری کە بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکی بانکی ناوەندیی عێراق لە پەرلەمان قسەی لەبارەوە بکات و کاریگەرییە ئابورییەکانی وتی، “تا ئێستا نازانرێت 20 هەزار دیناری چۆن و بە چ پرۆسەیەک دەخرێتە بازاڕەوە، چونکە دەبێت قەبارەی سختنە بازاڕی بزانین، ئەگەر بەڕێژەیەکی زۆر و بە یەکجار بخرێتە بازاڕەوە هەڵاوسان دروستدەکات”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، “تا ئێستا 50 هەزار دیناری بەتەواوی نەخراوەتە بازاڕەوە دەبێت بزانین 20 هەزاری چۆن دەبێت، بنەمای دروستکردنەکەی چی دەبێت، ئایا دراوێکی نوێیە و دروستدەکرێت یان بۆ بەدیلی ئەو پارە فەوتاوانەیە کە تا ئێستا لەناوچوون بۆ نمونە ئەگەر تا ئێستا سێ تریلیۆن دینار تەلەف بووبن ئەوکاتە عێراق بۆ قەرەبوو و بەدیلی ئەو بڕە بەو قەبارەیە 20 هەزار دیناری دەخاتە بازاڕەوە”.

بابەتی پێشتر

پۆلیسی سلێمانی هۆکاری گیانلەدەستدانی چوار هاوڵاتییەکەی گەڕەکی چوارباخی ئاشکراکرد

بابەتی دواتر

بۆچی زانایانی ئایینی لەسەر یادکردنەوەی مەولود ڕای جیاوازیان هەیە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share