ئەنفلۆنزا.. ئەم هەڵانە مەكە ئەگەر دەتەوێت زوو چاك ببیتەوە

هەندێك هەن لەكاتی تووشبوون بە پەتا و ئەنفلۆنزادا نەخۆشییەكەیان درێژەدەكێشێت و شەكەتی و باری گران دایاندەگرێت، لەكاتێكدا بۆ هەندێكی دیكە ئاسان و زوو تێدەپەڕێت، ئایا بەرگریی جەستە ئەوە دیاریدەكات؟ یان هۆكاری دیكەش هەن؟ بەڵام لێرەدا پێنج كار هەیە كە پێویستە ئەنجامیان نەدەیت تا بەخێرایی چاك ببیتەوە.

لەگەڵ ڕووكردنە كەشی سارد، گۆڕانی كەشوهەوا و هاتنی وەرزی باران باریندا، بڵاوبوونەوەی پەتا و ئەنفلۆنزا زیاددەكەن. بۆ ئەوەی لەكاتی تووشبووندا خێرا لێی دەربازببیت، ئاگاداری ئەمانە بە:

تەڕی لوت
لە زۆرینەی تووشبوونەكاندا هاتنەخوارەوەی ئاوی زۆر بە لوتدا یەكێكە لە نیشانەكان، ئەمەش یەكێكە لە دۆخە ناخۆشەكان. بەڵام هەموو ئەو ئاوە چییان لێدێت؟ بە كلێنس دەسڕدرێن، بەڵام ئەمە بۆ هەمووان وانییە، هەندێك بە دەست و پەنجەكانیان ئەو دەردراوانە دەسڕن، ئەمەش دەبێتەهۆی بڵاوبوونەوەی بەكتریا و مانەوەی لە چواردەورمان، هەندێكی دیكە هەن هەوڵ بۆ قوتدانی ئەو دەردراوە دەدەن بەهۆی نەبوونی كلێنسەوە ئەمەش دەبێتەهۆی هەوكردنی قورگ. شارەزایان هۆشداری دەدەن لە پاككردنەوەی لوت، سڕینی بە كلێنسی وشك و دواتریش فڕێدانی بۆناو سەتڵی خۆڵ.

خواردنەوەی گەرم
ئەگەر پرسیار بكەیت لەبارەی ئەو خواردنەوانەی بۆ كاتی ئەنفلۆنزا باشن، گوێت لە سێ وەڵامی سەرەكی دەبێت، چا و شیری گەرم بە هەنگوین و لیمۆوە. بەڵام پێویستە بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دوو جۆرەكەی دوایین بكرێت، بەهۆی ئەوەی شیری گەرم بە هەنگوینەوە سوودبەخش نابێت بۆ ئەنفلۆنزا ئەگەر كۆكەی لەگەڵدا بێت، چونكە دەبێتەهۆی زیادبوونی ئاوی لوت و درێژەكێشانی نەخۆشییەكە.

لە لایەكی دیكەوە، لیمۆی گەرم ئەنجامی باشی نابێت، بە سادەیی سوودی نییە. چونكە هۆكاری سەرەكیی خواردنەوەی ئەم خواردنەوەیە بەدەستهێنانی ڤیتامین سی-یە بۆ بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی لەش، ئەمەش زۆر گرنگ نییە، چونكە ئەو ڤیتامینە بە گەرما هەستیارە و كاریگەرییەكەی لە ئاوی كوڵاودا لەدەستدەدات، بۆیە ئاگاداربە لەوەی ئاوەكەی سارد یان لانیكەم شیلەتێن بێت.

مانەوە لە جێگادا
چی دەربارەی پشوو وەرگرتن لەكاتی تووشبووندا، زۆرێك ئامۆژگاری دەكرێن بەوەی، ئەگەر ئەتەوێت بە خێرایی باش ببیت، پێویستە تەواوی كاتەكەت لە جێگا بمێنیتەوە، بخەویت و پشوو بەیت. لەكاتێكدا ئەمە ڕاست نییە، پشوو وەرگرتنی زیاد لە سنوور پێویست نییە لەكاتی تووشبوون بە پەتای ئاسایی ئەگەر تای لەگەڵدا نەبێت، بەڵكو پێویستە پۆشاكێكی گەرم و گونجاو لەبەربكەیت و بچیتە دەرەوە. جموجوڵ جوڵەی خوێن چالاك دەكات و هاریكار دەبێت لە كرانەوەی بۆریی لوت و هەناسەدان.

گەرمكردنی زیاد لە پێویست
بێگومان کەس نابێت جەستەی بخاتە ژێر فشاری مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنفلۆنزا. جەستە دەتوانێت باشتر مامەڵە لەگەڵ گەرمادا بکات. بۆیە دروستە خۆت بە باشی دابپۆشیت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر گەرمكردنی ژوور و ڕێگەنەدان بە هاتنەناوەوەی هەوای پاكژ و (فێنک) زیانبەخش دەبێت، چونکە هەوای وشک دەبێتە هۆی زیادبوونی خورانی پەردەی ناوەوەی لوت.

هەروەها باش نییە سەردانی ساونا بکرێت بۆ ڕزگاربوون لە هەڵامەت. پلەی گەرمی زۆر بەرز وەك ئەشكەنجەدانەی سوڕی خوێن وایە.

پشتگوێخستنی نەخۆشییەکە
لە ژیانماندا ئەوەندە ئەنفلۆنزامان تووشبووە، وایلێدێت لە قۆناغێكدا دەستدەکەیت بە پشتگوێخستنی نەخۆشییەکە. ئاگاداربە، نابێت، تەنانەت ئەگەر تەنها سەرمابوونێكی ساكاریشت هەبێت، نابێت بچیتەسەر کارەکەت. لەلایەکی ترەوە دەبێت لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەكە پشوو بە جەستە بدەیت. هەروەها پێویستە ئاگاداربیت کە هاوکارەکانت تووش نەکەیت.

هەروەها وەرزشکردن کاتێک تووشی هەڵامەت بوویت سوودبەخش نییە، چونکە لەش بەرەنگاریی نەخۆشییەكە دەبێتەوە، ئەگەر بە وەرزش ماندووی بکەین، چیتر ناتوانێت سەرنجی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە بێت. لە حاڵەتی هەوکردنێکی هاوشێوەی ئەنفلۆنزادا، تەنانەت وەرزشکردن دەبێتە هۆی ئەوەی سەرچاوەی نەخۆشییە (ڤایرۆس) هێرش بکەنە سەر دڵ و ببێتە هۆی هەوکردنی ماسولکەکانی دڵ. پشوویەک بۆ چەند ڕۆژێک بە دڵنیاییەوە باشترین بژاردەیە.

س: dw

بابەتی پێشتر

كچێك پیشەیەكی جیاواز هەڵدەبژێرێت

بابەتی دواتر

ئەنچیلۆتی لە ئاستی یاریزانەکانی ڕیاڵ مەدرید ڕازییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share