تەندروستیی سلێمانی: زۆربەی توشبووانی ئێستای کۆرۆنا ئەوانەن ڤاكسینیان وەرنەگرتووە

تەندروستیی سلێمانی ئاماژە بە مەترسیداریی دۆخی ئێستای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دەکات، بەپێی وتەی بەڕێوەبەری گشتیش زۆرینەی ئەو توشبووانەی ئێستا تۆماردەکرێن هەڵگری جۆری دەلتان و ئەوانەن كە ڤاكسینیان وەرنەگرتووە.

ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا سەبارەت بە دۆخی کۆرۆنا كۆمەڵێك بڕیاری دەركرد، بەهۆی مەترسیی زۆر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەشێك لە ڕێكارەكان ڕێکارەکان توندتر کراون.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دکتۆر سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەم شەپۆلەی ئێستای کۆرۆنا زۆرینەی توشبووانی لە جۆری دەلتا-ن، کە توانای گواستنەوەی زۆر زیاترە و نزیكەی دوو هێندەیە.

دکتۆر سەباح باسی لە نیشانەکانی دەلتا کرد و وتی، هەمان نیشانەکانی پەتای وەرزی لە کەسی توشبوودا دەردەکەوێت، لەگەڵ ئازاری توندی سک و گەدە، “بۆیە داوا لە هاوڵاتییان دەکەین هەرکاتێک نیشانەکانی پەتای وەرزییان تێدا دەرکەوت، سەردانی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا بکەن بۆ پشکنین”.

ڕێنمایی هاوڵاتییانیشی کرد، بۆ ئەنجامدانی پشکنینی کۆرۆنا ڕووبکەنە کلینیکی سەرچنار و ئەو کلینیکە تایبەتەی لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی تایبەتکراوە بە پشکنینی کۆرۆنا.

“زیاتر 95%ی ئەوانەی تووشی کۆرۆنا بوون و لە نەخۆشخانەکانن ئەو کەسانەن کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، بۆیە داوا لە هاوڵاتییان دەکەین ڤاکسین وەربگرن”، دکتۆر سەباح وای وت.

وتیشی، داوا لە ئیدارەی سلێمانی دەکەم ڕێکارەکان توندتر بکەن، چونکە ئامارەکان بەردەوام لە زیادبووندان و نیشانەی مەترسیی زیاترن.

هۆشداریشیدا لە بەکارهێنانی چارەسەرەکان و داوای لە هاوڵاتییان کرد هیچ کەسێک بەبێ پزیشک چارەسەر وەرنەگرێت، داوای لە پزیشکانیش کرد چارەسەر بۆ توشبووانی کۆرۆنا دانەنێن، “هەر پزیشکێکیش بەپێی پسپۆڕیی خۆی چارەسەر بۆ توشبووان دابنێت سزای دەدەین”.

بابەتی پێشتر

لە سلێمانی چالاکییە سیاسی، ئەدەبی و ئاینییەكان ڕاگیران و هانی خۆڤاكسینكردن دەدرێت

بابەتی دواتر

سێشەممان تایبەتكرا بە ڤاكسینكردنی مامۆستایان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share