پێشنیازە یاسایەک دەدرێتە پەرلەمان بۆ نەهێشتنی خانەنشینیی 220 هەزار دیناری

ژمارەیەک پەرلەمانتار پێشنیازە یاسایەک دەدەنە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بۆ نەهێشتنی جیاوازیی مووجەی خانەنشینیی سەربازی و شارستانی، هەروەها نەهێشتنی مووچەی خانەنشینیی 220 هەزار دیناری.

عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان نووسراوەکەی بڵاوکردووەتەوە کە ناو و واژووی 21 پەرلەمانتاری لەسەرە.

بەپێی ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیکردووەتەوە دەڵێت، “بەمەبەستی‌ کۆتایهێنان بە جیاوازى زۆرى خانەنشینى شارستانی‌‌و خانەنشینی‌ سەربازی‌‌و هێزەکانی‌ ناوخۆ(پۆلیس‌و ئاسایش) و کۆتایهێنان بە خانەنشینیی (220 هەزار) دیناری، بە واژووی‌ 20 پەرلەمانتار، پێشنیازە یاسای بەرکار و کارپێکردنی‌ یاسای‌ ژمارە (9)ی‌ ساڵی‌ 2014، یاسای‌ خانەنشینیی‌ یەکگرتووی‌ عێراقمان پێشکەشکرد”.

ئاماژەی بەوەکردووە، “هەرێمی‌ کوردستان بە پێی‌ هەشت یاسا کار لەگەڵ پرسی‌ خانەنشینی‌ دەکات، بە پێی‌ ئەو یاسایانە زۆرێک لە فەرمانبەرانی‌ شارستانی ‌‌و سەربازی ‌‌و هێزەکانی‌ ناوخۆ لە پۆلیس ‌و ئاسایش، پاش زیاتر لە 30 بۆ 40 ساڵ خزمەت، تەنها بڕی‌ 220 بۆ 230 هەزار دینار مووچەیان بۆ دەمێنێتەوە کاتێک خانەنشین دەبن”.

ئەندام پەرلەمانەکەی کوردستان نووسیویەتی، “یاسای‌ خانەنشینیی یەکگرتوو، ژمارە (9)ی‌ ساڵی‌ 2014، بێجگە لەوەی‌ هەموو چین‌و توێژەکان لە یەک یاسادا کۆدەکاتەوە، دادگەرییەکی‌ باشیش لە مووچەی‌ خانەنشینیدا بەدیدەهێنێت ‌و بەپێی‌ یاساکە هیچ مووچەیەکی‌ خانەنشینی‌ لە 400 هەزار دینار کەمتر نابێت، هەروەها ئاسانکاری‌ لە ئاڵوگۆڕی‌ سوود لەنێوان کەرتی‌ تایبەت‌و کەرتی‌ گشتیدا دەکات، وە دۆخی‌ ژیانی‌ خانەنشینان‌و واریستەکانیان باش دەکات، هەروەها جیاوازی‌ نێوان مووچەی‌ خانەنشینی‌ پۆلێنە جیاوازەکانی‌ فەرمانبەری‌ شارستانی ‌‌و سەربازی ‌‌و باڵا و تایبەتدا کەمدەکاتەوە”.

باسی لەوەشکردووە کە ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە دەستەی‌ سەرۆکایەتیی‌ پەرلەمان‌ و حکومەت، هاوکاربن بۆ کۆتایهێنان بەو دۆخە خراپەی‌ خانەنشینی‌ و بەرکارکردنى ئەم یاسایە، بەتایبەت کە ئێستە دۆخی‌ دارایی‌ باشە و بۆ جێبەجێکردنی‌ ئەم یاسایە تەنها نزیکەی‌ 10 ملیار دینار پێویستە.

بابەتی پێشتر

قەرزی 150 ملیۆن دیناری دەدرێت بە تەندروستكاران

بابەتی دواتر

ئۆپیك+ بەرهەمهێنانی نەوت كەمدەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share