وەزارەتی نەوتی عێراق کۆی داهاتی هەناردەی نەوتی بۆ مانگی ئەیلول ئاشکراکرد، بەپێی ئامارەکە داهاتی فرۆشتنی نەوت نزیکەی نۆ ملیار دۆلار بووە.
بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، كۆی گشتیی هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لە مانگی ئەیلولدا گەیشتووەتە (98) ملیۆن و (765) هەزار و (153) بەرمیل.
ئاماژە بەوەشکراوە، کۆی داهاتی فرۆشتنی نەوت لە مانگی ئەیلولدا بڕی (8.773) ملیار دۆلار بووە.
لە ئامارەکەدا هاتووە، كۆی گشتیی بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو بۆ مانگی ئەیلول لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق گەیشتووەتە (96) ملیۆن و (445) هەزار و (421) بەرمیل.
هەروەها کۆی نەوتی هەناردەکراو لە مانگی ڕابردوودا لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوکەوە، یەك ملیۆن و (169) هەزار و ( 180) بەرمیل بووە.
تێکڕای بڕی هەناردەی نەوت (٣) ملیۆن و (٢٩٢) هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا.
تێکڕای نرخی هەر بەرمیلێکیش بۆ مانگی ئەیلول زیاتر لە (88.83) دۆلار بووە.