دوای چەند كاتژمێرێك یادی تشرینە
لە بەغداد ئامادەكاری بۆ چی دەكرێت؟

یەكی تشرینی یەكەم ساڵیادی خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2019ی عێراقە، ئێستا لە بەغداد ئامادەكاری بۆ یادكردنەوەی دەكرێت و ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران چوونەتە گۆڕەپانی تەحریر، بەشێك لە چەكدارانی سەر بە ڕەوتی سەدریش بە شەقامەكاندا بڵاوبوونەتەوە.

هاوكات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی چەكدارانی سەرایا سەلام باڵی سەربازیی ڕەوتەكەی موقتەدا سەدر لە بەغداد و شاری ناسڕییە، بەشێك لە تشرینییەكان ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان و بڕیارە سبەی شەممە چالاكییەكانیان لە گۆڕەپانی تەحریر دەستپێبكەن، بۆ ئەو مەبەستەش بەشێكیان لە ئەمشەوەوە ڕوویان لە گۆڕەپانەكە كردووە و مۆم بۆ یادكردنەوەی قوربانییەكان دادەگیرسێنن.

وەك پەیامێكی پێشوەختە بۆ خۆپیشاندەران، كەمێك لەمەوبەر مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، “خۆپیشاندان مافێكە دەستوور دەستەبەری كردووە بە جۆرێك كە ئاشتییانە و لە چێوەی یاسادا بێت”.

سەرۆك وەزیران داوای لە خۆپیشاندەران كرد هاوكاری هێزە ئەمنییەكان بن لە پاراستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و موڵك و ماڵی گشتی و تایبەت، داواشی لە هێزە ئەمنییەكان كرد پارێزگاری لە خۆپیشاندەران بكەن و گولـلەیان بەڕوودا نەتەقێنن.

ڕۆژی یەكی تشرینی یەكەمی ساڵی 2019، خۆپیشاندانی فراوان لە بەغداد دەستیپێكرد و دواتر زۆربەی شارەكانی گرتەوە، خۆپیشاندانەكان تا سەرەتاكانی ساڵی دواتریان خایاند و بە “ڕاپەڕینی تشرین” ناودێركران. لە ماوەی چەند مانگی درێژەدانی خۆپیشاندەران بە ناڕەزایەتییەكانیان، نزیكەی 700 خۆپیشاندەر و كارمەندی هێزە ئەمنییەكان كوژران و ئەنجامەكەشی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتەی عێراق و پێكهێنانی حكومەتێكی كاتی بە سەرۆكایەتیی مستەفا كازمی بوو، كە ڕۆژی 10ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2021ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختە دیاریكرد، بەڵام سەرباری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە و تێپەڕبوونی نزیكەی ساڵێك بەسەریدا، هێشتا حكومەت لە عێراق پێكنەهێنراوە.

بەپێی وتەی چاودێرانی دۆخی سیاسیی عێراق، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر، دەیەوێت یادی خۆپیشاندانەكانی تشرین بقۆزێتەوە و لە ڕێگەی تێكەڵكردنی لایەنگرانی بە ڕیزەكانی خۆپیشاندەران، فشار لە لایەنەكانی تری پرۆسەی سیاسی بكات كە لە سەروبەندی دانوستاندنەكانی پێكهێنانی حكومەتدان.

بابەتی پێشتر

چارەنووسیان چی دەبێت؟<br>لە سلێمانی دەیان هەزار خانووی بێتاپۆ تۆماركراون

بابەتی دواتر

د. بەرهەم ساڵح: بۆردومانكردنی هەرێم لە لایەن ئێران و توركیاوە قبوڵكراونییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share