حكومەتی هەرێم بە دوو هەنگاو كار لەسەر كۆكردنەوەی پارەی كارەبای ماڵان دەكات

بۆ كۆكردنەوەی پارەی كارەبای ماڵان وەزارەتی كارەبا كار لەسەر خستەگەڕی سیستمی پریپەید و كۆكردنەوەی پارە لەگەڵ پێدانی پسووڵەدا دەكات، بەرپرسێكی كارەباش دەڵێت، هەنگاو بۆ هەردوو ڕێگاكە نراوە.

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە بۆ وەرزی زستان بەرهەمهێنانی كارەبا زیادبكرێت، بۆ ئەوەش زۆرترین هاوڵاتی سوودمەندبن لە وزەی كارەبا هەڵمەتی نەهێشتنی سەرپێچی زیاد دەكات، جەختیشیكردووەتەوە لەسەر پێویستیی وەرگرتنی كرێی كارەبا لە هاوبەشان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێ.

دەربارەی ئەو ڕێوشوێنە نوێیانە سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بەپێی بڕیارەكە ئەو قەرزەی پێشوو كە لەسەر هاوڵاتییانە، لە پاش دابەشكردنی پسووڵە لە مانگی داهاتوودا وەرناگیرێتەوە یان دەوەستێندرێت، بەڵام خەرجی مانگانە لە هاوبەشان وەردەگیرێت، ئەویش لەڕێی پێدانی پارەكەیە بە ژمێرەری پێوەرەكان، یاخود هاوڵاتی خۆی دەیباتە بنكەكانی وەرگرتنی پارەی كارەبا.

وتیشی، “بڕیارەكە بۆ ماڵانە، پڕۆژە پیشەسازی و بازرگانییەكان ناگرێتەوە”.

وەرگرتنی پارەی كارەبا لەلایەن ژمێرەرەكانەوە تازە نییە، چەندین ساڵە بەهۆی نەبوونی بنكەكانی وەرگرتنی پارەی كارەباوە، لە قەزا و ناحییەكاندا پەیڕەو دەكرێت، سیروان محەمەد وای وت، ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارە نوێیەكە جگە لەوەی ئاسانكارییە بۆ هاوڵاتییان، بۆ ئەوەشە چیتر قەرزی كارەبا لەسەریان كەڵەكە نەبێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبا ئاشكرایكرد، وەزارەتەكەیان كار لەسەر سیستمی پریپەید دەكات، کە ھاوشێوەی کارتی مۆبایل ھاوبەشانی کارەبا بەکاریدێنن.

دەربارەی ئەو سیستمە نوێیەش وتەبێژی كارەبای سلێمانی وتی، سیستمەكە وەك تاقیكردنەوە لە هەولێر و دهۆك دانراوە، لە سلێمانیش ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەوەی لە چەند پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون تاقیبكرێتەوە و ئەوەی وت، “لە ئامادەكاریداین بۆ ئەوەی پێوەریان بۆ ببەسترێت و خەریكی ئەوەین”.

ڕوونیشیكردەوە، یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی پێوەری زیرەكی كارەبا ئەوەیە كە دەتوانیت بیكەیت بە پریپەید، تەنها ئامێرێكی بچوك لەناو ماڵانی پێوە پابەنددەكرێت و لەوێوە دەتوانرێت كارت داخڵ بكرێت، هەروەها هاوبەشان سەرفیات، فریكوێنسی، ئەمپێر و ڤۆلتییەی كارەباكەیان بزانن.

دووپاتیشیكردەوە، هەردوو جۆری پارە وەرگرتنەكە بڕیاریان لەسەر ئاستی وەزارەتی كارەبا بۆ دەرچووە و لە سەرجەم ناوچەكانی كوردستان جێبەجێ دەكرێن.

بابەتی پێشتر

ئەپڵ دروستكردنی ئایفۆن لە چینەوە بۆ وڵاتێكی دیكە دەگوازێتەوە

بابەتی دواتر

وادەی دابەشكردنی مووچە دووپاتكرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share