دارخورما لە كوردستان.. دەستپێكی قۆناغێكی نوێی ژینگە و كشتوكاڵ

چەندین دارخورما لە ناوچەی شارەزوور ڕوواون و بەشێكیان بەرهەمدارن، شارەزایەكی بواری كشتوكاڵ هۆكاری ئەو حاڵەتانە و پێشبینییەكانی بۆ داهاتووی كشتوكاڵ لە كوردستان ئاشكراكرد و دەڵێت، دیاردەیەكی جیاواز بەڕێوەیە.

موحسین محەمەد فۆتۆگرافەرێكی كوردستانە، لە قەزای شارەزوور وێنەكانی چركاندووە و بۆ تۆڕی میدیایی ئێستای ناردوون و دەڵێت، دوو دارخورمای بەرهەمدارن لە قەزای شارەزوور كە ساڵانە 100 بۆ 200 کیلۆگرام خورما بەرهەمدەهێنن.

ئەو فۆتۆگرافەرە ڕایگەیاند، لە چەند شوێنێکی دیکەی قەزای شارەزووردا، داری بەرداری خورمای بینیوە كە بەشێكیان بەرهەمدارن و خورما بەرهەمدەهێنن.

تۆڕی میدیایی ئێستا بەدواداچوونی بۆ چۆنێتی و هۆكاری ڕووانی دارخورما لە ناوچەی شارەزوور كرد. فەرەیدوون محەمەد لێپرسراوی هۆبەی ڕێنمایی كشتوكاڵی لە بەشی كشتوكاڵیی عەربەت بۆ ئێستا دوا و لەبارەی هۆكارەكانەوە وتی، “گۆڕانی ئاووهەوا هۆكاری ڕووانی دارخورمایە لە هەرێمی كوردستان”.

بەپێی وتەی شارەزاكەی بواری كشتوكاڵ، ژینگە كاریگەریی پلەیەكی هەیە لە ڕووانی ڕووەك و درەخت و گەشەكردنیاندا، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و كەمبوونەوەی شێ و كەمیی بارانبارین، پێكەوە كەشێكی گونجاوی هاوشێوەی ناوچە بیابانەكانیان بۆ ڕووەك و درەخت لەوانە دارخورما ڕەخساندووە.

فەرەیدوون محەمەد پێشبینیكرد بەهۆی گۆڕانی ئاووهەواوە، لە ناوچەكانی كوێستان سەوزبوون و ڕووانی درەخت و ڕووەكی نوێ و لەناوچوونی هەندێك جۆری تری ڕووەك و گیا كە نیشتمانی ڕەسەنیان كوێستانە ببێتە دیاردە.

بابەتی پێشتر

خۆراکی دایکی دووگیان دەبێتە هۆی پێکەنین و تووڕەبوونی کۆرپەلە

بابەتی دواتر

وەزیری پێشووی دادی چین بە تۆمەتی گەندەڵی بە لەسێدارەدان سزادرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share