گۆتیرێش داواکاریی وڵاتان بۆ دواخستنی لوتکەی ئاووهەوا ڕەتدەکاتەوە.. پەتاکان هۆشدارین

ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داواکاریی بەشێک لە وڵاتانی جیهان و چالاكوانان بۆ دواخستنی لوتکەی ئاووهەوا ڕەتدەكاتەوە، پێشی وایە لەبارەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواوە “جیهان لەسەر ڕێگایەکی هەڵەیە”.

بڕیارە لوتکەی ئاووهەوا (COP 26) لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا لە سکۆتلەندا بەڕێوەبچێت، بەڵام بەشێك لە وڵاتان و چالاکوانانی بواری ئاووهەوا داوای دواخستنی لوتکەکە دەکەن، بەهۆی نەبوونی دادپەروەری لە دابینکردنی ڤاکسین بۆ وڵاتانی جیهان و بوونی ڕێگری لە دابەشکردنی ڤاکسیندا.

لەبارەی داواكاریی دواخستنی کۆنگرەکەوە گۆتیرێش ڕایگەیاند، سەرجەم داواکارییەکانی لەوبارەیەوە ڕەتکردووەتەوە و داوای لە وڵاتانی جیهان کرد ڕێکاری بەپەلە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا و گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا بگرنەبەر.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش ڕایگەیاند، “COVID-19 هۆشدارییەکە، بەڵام ئێمە لەخەوێکی قوڵداین، ڤایرۆسی کۆرۆنا دەریخست هەموومان شکستمانهێنا لە هاوکاری و بڕیاری هاوبەش لەپێناو بەرژەوەندیی جیهان”.

گۆتیرێش نیگەرانیش بوو لەوەی “وڵاتانی بەرهەمهێنەری ڤاکسین ناتوانن بڕی پێویستی ڤاکسین دروستبکەن بەمەبەستی کوتانی 70%ی دانیشتووانی جیهان تا نیوەی یەکەمی ساڵی 2022”.

گۆتیرێش داوا لە ئەمریکا و چین دەکات هەوڵەکانیان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا زیاتر بکەن، دەڵێت، “پێویستمان بە بەشداریی زیاتری ئەمریکا هەیە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا، هەروەها پێویستمان بە هەوڵەکانی چین هەیە بۆ کەمکردنەوەی گازە زیانبەخشە دەردراوەکان”.

ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چینی بەهەند وەرگرت، بەڵام پێیوایە، “نابێت ئەو کێشانە دژبێت لەگەڵ هەوڵەکان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا لە COP 26 و ئێستا کاتی ئەوەیە جیهان هەنگاوی دیکە بنێت بۆ کاری پێکەوەیی لەپێناو بەرژەوەندیی هەموو جیهان”.

گۆتیرێش لەگەڵ ئەوەدایە لەبارەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواوە بیر لە چارەسەرێكی دوورمەودا بكرێتەوە “بۆ گەنجان و نەوەکانی داهاتوومان”.

بابەتی پێشتر

كەسێكی نزیكی سەرۆكی پەرلەمان كوژراوە.. داعش هێرشی بۆسەر گوندێكی مەخمور ئەنجامدا

بابەتی دواتر

سێ لەو 57 کۆچبەرەی لە سوریا دەستبەسەربوون دیارنین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share