ڕوسیا و ئۆكرانیا تەنانەت لەسەر دوو نووسەریش ناكۆكن و لە ململانێدان

ناكۆكییەكانی نێوان ڕوسیا و ئۆكرانیا، وادەردەكەون تەنها سیاسی و سەربازی و ئەمنی نەبن، بەڵكو ڕۆچوونەتە كایەكانی بیركردنەوە و نووسینیشەوە، ئەوەتا هەردوو وڵات لەبارەی شوناسی ئەدیب و فەیلەسووفێكەوە ناكۆكن و هەردوولا، هەردوو كەسایەتییەكە بە موڵكی خۆیان دەزانن.

نووسەرێکی گەورەی ونبوو

نیکۆلا گۆگۆڵ، یەکێک لە نووسەرە هەرە بەناوبانگەکانی ئەدەبی ڕوسی، بە ڕەگەز ئۆکرانییە و بە زمانی ئەوان ناوی “میکۆلا هۆهۆل”ــە، یەكێك بوو لە نووسەرانی ناوچەکە کە دەستی دایە زمانی ڕوسی و بەو زمانە بەرهەمەکانی خۆی نووسی، بەڵام لەمڕۆدا ئەم ڕاستییە گرنگە ونبووە و زۆرینەی خەڵک بە ڕوسیی دەزانن.

هاوتا ئۆکرانییەکەی پوشکین

چۆن بە بڕوای زۆرێک لە توێژەرانی ئەدەب، پوشکین بە باوکی ئەدەبی ڕوسی دادەنرێت، ئاواش لە ئۆکرانیادا تاراس شێڤچێنکۆ ئەو شاعیرەیە کە بۆ یەکەمین جار شێوازی نووسینی ئەدەبی بەرهەمدەهێنێت و زمانێکی ئەدەبی بۆ نووسەرانی دوای خۆی دادەمەزرێنێت، ڕێک بە پێچەوانەی نیکۆلا گۆگۆلەوە. لە پاڵ نووسینی شیعردا، شێڤچێنکۆ سیاسییش بووە و لە سەردەمی خۆیدا بە ئاشکرا دەنگی بۆ سەربەخۆیی ئۆکرانیا هەڵبڕیوە، هەر لەبەر ئەمەش دەستگیرکراوە و 10 ساڵ زیندانیی سیاسی بووە.

سوکراتەکەی ئۆکرانیا

گریگۆری سکۆڤۆردا، فەیلەسووفێکی دێرینی لەدایکبووی ساڵی 1722ی ئۆکرانی بووە، کە لە ئیمپراتۆرییەتی ڕوسیای ئەو سەردەمەدا ژیاوە.

بەهۆی ژیانی فەیلەسووفی و ڕۆحانییەوە، هەروەها بەهۆی شێوازی ژیانییەوە کە تێکەڵەیەک بوو لە نێوان فەیلەسووفی و گەڕیدەییدا و کاریگەریی زۆری لەسەر فەیلەسووف و نووسەرانی هاوچەرخی خۆی و پاش خۆشی، بە “سوکراتی ئۆکرانی” ناوبانگی دەرکردووە.

لەمڕۆدا هەم ئۆکرانیا و هەم ڕوسیا، هەردووکیان ئەم فەیلەسووفە بە هاونیشتیمانیی خۆیان دەزانن و لەسەر خۆیان ئەژماری دەکەن.

ئەنیادەی ئۆکرانی

ئەدەبی نووسراو لەلایەن نووسەرانی ئۆکرانییەوە، ڕیشەكەی دەگەڕێندرێتەوە بۆ چامەیەکی پێترۆڤیچ کۆتلارێڤسکی بە ناوی “ئەنێیدا”وە، کە لە ساڵی 1978دا بڵاوبووەوە و وەک ڤێرجیلی شاعیری بەناوبانگی یۆنانی و داستانی “ئەنیادە”کەی، چامەکەی ئەمیش لە بارەی مێژوو و سەروەرییەکانی نەتەوەکەوەیەتی، جگە لەوەی دەقەکە لە ناوەڕۆکدا گاڵتەکردنێکە بە ڤێرجیل، کە ئەم لە چامەکەی خۆیدا پاڵەوانەکانی تەڕوادەی کردووە بە قۆزاقی.

لە ڕۆژانی ژیانی ئەم نووسەرەدا، لە ئیمپراتۆرییەتی ڕوسیدا، نووسین بە زمانی ئۆکرانی بە شێوەیەکی فەرمی دژایەتی دەکرا، سەرباری ئەوەی ملیۆنان کەسیش قسەیان پێدەکرد.

بەیکن-ی پیرۆز

ڕەنگە کەم کەس بزانن کە بەیکن، ئەو خواردەمەنییەی بە بەربڵاوی لە ئەمریکا و خۆرئاوا و ڕوسیاشدا دەخورێت و لە بەشی چەوریی گۆشتی بەراز دروستدەکرێت و سووردەکرێتەوە، لە بنەڕەتدا خواردەمەنییەكی ئۆکرانییە و بە زمانی ئەوان پێی دەوترێت “سالۆ”. لە سەردەمانی کۆندا سالۆ خواردەمەنییەكی پیرۆز بووە لای ئۆکرانییەکان و پێی بەناوبانگ بوون، وەک چۆن فەرەنسییەکان بە شەراب بەناوبانگن.

بابەتی پێشتر

(NBA) واریەرز بە جیاوازیی دوو خاڵ لە لەیکەرزی بردەوە

بابەتی دواتر

گاریس بەیل لەگەڵ یانەی داهاتووی ڕێککەوتنی کردووە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئێران: ترەمپ دەكوژین

ئێران بەردەوامە لە هەڕەشەكانی و دەڵێت، “تۆڵەی سلێمانی دەكەینەوە و ترەمپ و وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەمریكا و…
Total
0
Share