وەزیری پێشووی دادی چین بە تۆمەتی گەندەڵی بە لەسێدارەدان سزادرا

فو چینگ هوا، وەزیری پێشووی دادی چین لە دادگا

وەزیری پێشووی دادی چین بە لەسێدارەدان سزادرا لەگەڵ دواخستنی جێبەجێكردنی بۆ ماوەی دوو ساڵ، بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل و هاوكاریكردنی تاوانباران لەنێویشیاندا برایەكی خۆی لەسەر شاردنەوەی چالاكیی نایاسایی، وەك ئەوەی تەلەفزیۆنی فەرمی ئاماژەی پێداوە.

بە ئیدانەكردنەكەی، فو چینگ هوا-ی وەزیری پێشووی داد دەچێتەپاڵ ئەو زنجیرە گەورە بەرپرسانەی لە هەڵمەتێكی درێژمەودادا بە تۆمەتی گەندەڵی تۆمەتباركراون لەدوای ئەوەی شی جین بینگ سەرۆكایەتیی وڵاتەكەی لە كۆتاییەكانی ساڵی 2012ەوە گرتووەتە دەست.

تەلەفزیۆنی ناوەندیی چین ڕایگەیاند فو (67 ساڵ) دانیناوە بەوەی تۆمەتبارە بە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی لە چەند پێگەیەكدا لەنێویاندا كاتێك سەرۆكی پۆلیسی پەككین-ی پایتەخت بووە لە ساڵی 2005دا، بە شاردنەوەی تاوانی براكەی و كەسانی دیكە.

لە بەرامبەردا (فو) پارە و موڵكی بەدەستهێناوە كە بەهاكەی دەگاتە 117 ملیۆن یوان (16.5 ملیۆن دۆلار)، وەك ئەوەی ڕۆژنامەی چاینا دەیلی-ی فەرمی لە تەمموزی ڕابردوودا بڵاویكردووەتەوە.

ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنەكە و هەواڵەكانی پێشووش ئاماژەیان بە تاوان و كردەوەكانی فو وی هوا-ی برای وەزیری پێشووی داد نەكردووە.

بەشێوەیەكی گشتی سزای لەسێدارەدان لەگەڵ بڕیاری دواخستنی جێبەجێكردنیدا دەگۆڕدرێت بۆ بەندكردنی درێژمەودا ئەگەر وا ڕاگەیەنرا كە سزادراو چاكسازی تیاكراوە، وەك ئەوەی ئەسۆشیەتد پرێس بڵاویكردووەتەوە.

تەلەفزیۆنی چین ئاماژەی بەوەدا فو سزای زیندانیكردنی هەتایی بەبێ لێبوردنی مەرجداری بەسەردادەسەپێنرێت ئەگەر سزاكەی كەمكرایەوە.

بابەتی پێشتر

دارخورما لە كوردستان.. دەستپێكی قۆناغێكی نوێی ژینگە و كشتوكاڵ

بابەتی دواتر

خەلەکان؛ ڕووداوێکی هاتوچۆ حەوت قوربانیی لێکەوتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت بەرزبووەوە

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بە بەراورد بە دوێنێ نرخەكەی بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە و یەك بەرمیل نەوتی خاوی…
Total
0
Share