بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی ڕایگەیاند، بەشێک لە کێشەکانی ئەو کۆمپانیایەی خواردنی خانەکانی بێسەرپەرشتان و بەساڵاچووان و چاکسازییەکانی دابیندەکرد چارەسەرکراوە و بەردەوامە لەکارکردن.
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ئەو کۆمپانیایەی کە بەپێی گرێبەستێک خواردنی خانەکانی بێسەرپەرشتان و بەساڵاچووان و چاکسازییەکانی دابیندەکرد، لە ئێستادا بەشێکی چارەسەرکراوە، پارەکانی مانگی هەشت و نۆی بەتەواوی بۆ خەرجکراوە، ئەم دوو هەفتەیەش خواردنی نەبڕیوە، بەڵام بەپێی پێویستی ناردوویەتی نەک خشتە”.
ئاماژەی بەوەشکرد،”دوێنێ دووشەممە، لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکی هەرێم لقی سلێمانی، کۆبووینەوە، بەڵێنی پێداین کە ڕێگەنەدات پارەی هیچ مانگێکی دوابکەوێت، بەڵام بە نیسبەت ئەو 991 ملیۆن دینارەی مانگەکانی ڕابردوو، پێی ڕاگەیاندین، ئەو بڕە پارەیە لە بانکدا نییە و پێویستە وەزارەتی دارایی چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە،”
ئاشکراشیکرد،”کۆمپانیاکە لەئێستا سەرقاڵی ڕێکارە ئیدارییەکانە بۆ چارەسەری گرفتەکانی و خەرجکردنی ئەو پارەیەی کە لای حکومەت ماوە”.
لە ڕێکەوتی پێنجی ئەم مانگە، ڕێباز ڕزگار، خاوەنی کۆمپانیای موڤ، کە کاری دابینکردنی خواردنی خانەکانی بێسەرپەرشتان و بەساڵاچووان وچاکسازییەکانە، ڕایگەیاند،”بەهۆی دابیننەکردنی شایستە داراییەکانی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، چیتر ناتوانێت خواردن دابینبکات.