كۆمسیۆن كۆڵان بە كۆڵان بۆ تۆماركردنی ناوی دەنگدەران دەگەڕێت

لە دوایین هەڵبژاردنی عێراقدا كە هەڵبژاردنە پەرلەمانییە پێشوەختەكەی 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو بوو، دەنگدەرانی سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین، یەك ملیۆن و 360 هەزار دەنگدەر بوون و ئێستاش ژمارەكە زیادیكردووە. بۆ تۆماركردنی ناوی دەنگدەرانی نوێ، كۆمسیۆن بەردەوامە لە پرۆسەی بایۆمەتری و دروستكردنی كارتی ئەلیكترۆنی بۆ دەنگدەران.

ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانیی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ڕایگەیاند، پرۆسەی تۆماركردنی ناوی دەنگدەران و تۆماری بایۆمەتری بەردەوامە و دەیانەوێت هەڵبژاردن بە تۆمارێكی پاکی دەنگدەرانەوە بەڕێوەبچێت.

ئاشكرایكرد، لە ڕێگەی 79 ناوەندی جێگیری كۆمسیۆنەوە لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین، ناوی نزیکەی 70%ی دەنگدەران تۆمارکراون و وتی، ئێستا لەدایكبووانی نوێ مافی دەنگدانیان هەیە و تا لەدایكبووانی ساڵی 2004 بەشداردەبن، ئەوەش وایكردووە پرۆسەی تۆماركردنی ناوی دەنگدەران فراوانتر ببێت و کاتی زیاتری پێویستە.

بەپێی وتەی ئامانج عەزیز، چەندین تیمی گەڕۆک لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین کۆڵان بە کۆڵان دەگەڕێن بۆ تۆماركردنی ناوی دەنگدەران و دروستكردنی كارتی ئەلیکترۆنی بۆیان.

بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانیی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕاشیگەیاند، تیمەكانیان هەفتانە ناوی هەزار هاوڵاتی تۆماردەكەن و داوایكرد ئەو دەنگدەرانەی کارتی ئەلیکترۆنیی دەنگدانیان بۆ دروستکراوە و وەریان نەگرتووەتەوە، سەردانی ناوەندەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بكەن و كارتە ئەلیكترۆنییەكان وەربگرنەوە.

بابەتی پێشتر

فەرمی.. گاڤی بۆ لیستی ملیارییەکان

بابەتی دواتر

بەناوی "ئاژانسی پاراستن"ەوە هەڕەشەی كوشتن لە ئەندامانی خێزانێك دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

شارەوانیی سلێمانی لەبارەی بەخاکسپاردنی مردووەکانیانەوە هاوڵاتییان ئاگاداردەکاتەوە

  سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی هاوڵاتییانی شارەکە ئاگاداردەکاتەوە کە گۆڕستانەکانی سلێمانی شوێنی بەخاکسپاردنی مردووی تێدانەماوە. لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتیی شارەوانیی…
Total
0
Share