بەناوی “ئاژانسی پاراستن”ەوە هەڕەشەی كوشتن لە ئەندامانی خێزانێك دەكرێت

لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی لە ناحیەی قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر ژمارەیەك چەكدار هەڵدەكوتنەسەر ماڵێك و بەر دەستدڕێژی گولـلەیان دەدەن، ئەندامێكی خێزانەكە دەڵێت، بەناوی ئاژانسی پاراستنەوە هەڕەشەی كوشتنیان لێكردوون، دادگا و دەزگا ئەمنییەكانیش دەستی دەستی بە دۆسیەكەوە دەكەن.

بنەڕەتی ناكۆكی نێوان دوو خێزانەكە دەگەڕێتەوە بۆ كێشەیەكی كۆمەڵایەتی زیاتر لە حەوت مانگ پێش ئێستا بەهۆیەوە كوڕێكی ئەو خێزانەی بەمدواییە كەوتووەتەبەر هەڕەشە بەناوی (ئەحمەد لەتیف) كوژراوە.

محەمەد لەتیف، برای كوژراوەكە لە بەردەم دادگای هەولێر بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی، “براكەم لە 3ی شوباتی ڕابردوو لە ماڵی خۆمان و لەبەردەم ئەندامانی خێزانەكەمان كوژرا، ئێمە لایەنی بەرامبەرمان بە دوژمن دانەنا، پەنامان بردەبەر یاسا”.

وتیشی، بەمدواییە “ئەو ماڵە بەناوی پاراستنەوە هەڕەشەیان لێكردین ئێمەش داوای یاساییمان تۆماركرد، دوو مانگ بەسەر ئەو هەڕەشەیەشدا تێپەڕی، پێرێ ئەو خێزانە دیسان هەڵیانكوتایەسەرمان، هاتبوون بۆ كوشتنی هەموومان، زیاتر لە 250 فیشەكیان بە ماڵەكەمانەوە ناوە”.

“ڤیدیۆ و دیمەنی كامێرای چاودێریی هەیە كە چۆن هەڵدەكوتنەسەر ماڵمان و دەیانەوێت بمانكوژن”، ئەو گەنجە وای وت.

ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر لە دادگای قوشتەپە لەڕێی پارێزەرەكەیانەوە داوای ئەنجامدانی پشكنینی (DNA)یان كردووە، بۆ ئەوەی بزانن ئایا هیچ پەیوەندییەك لەنێوان براكەیان و كچی ئەو خێزانەدا بووە، بەڵام حەوت مانگ و 10 ڕۆژ تێپەڕیووە و پشكنینەكە ناكرێت.

دەربارەی بنەڕەتی كێشەكەش ڕوونیكردەوە، كێشەیەكی كۆمەڵایەتییە و گوایە ئەگەر هەیە ئەو برایەی ئەوان پەیوەندی لەگەڵ كچی ماڵی بەرامبەردا هەبووبێت، “تەنها بە ئەگەر و مەزەندەی خۆیان، نەك بەڵگەی فەرمی”، لەسەر ئەو ئەگەرەش براكەی ئەوانیان كوشتووە.

محەمەد لەتیف ئەوەشی خستەڕوو، ئەو خێزانە كاربەدەستن و لە دەزگا ئەمنییەكان كاردەكەن، ئەوەش هۆكارەكەیە كە “ئەوان هاتوونەتە سەر ماڵمان، بەڵام فەرمان بۆ ئێمە كراوە بانگێشتی بەردەم دادوەر بكرێین، لەكاتیكدا ئەوان تەقەكەرن و هێرشیان كردووە”.

بابەتی پێشتر

كۆمسیۆن كۆڵان بە كۆڵان بۆ تۆماركردنی ناوی دەنگدەران دەگەڕێت

بابەتی دواتر

حەوت زانیاریی كەمبیستراو و سەرنجڕاكێش

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share