نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی بافڵ تاڵەبانی ڕەتی دەكاتەوە كە لە كۆبوونەوەی هاوسەرۆكی یەكێتی و نێچیرڤان بارزانی-دا باس لە ڕاگرتنی دانیشتنەكانی پەرلەمان كرابێت.
لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی كانونی یەكەم نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی ڕایگەیاندووە، “بەھەواڵێکی بێ بنەما و ناڕاست، کە لە ھەندێ سایت و پەیجی بێخاوەن و باوەڕپێنەکراو بڵاوکراوەتەوە و ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە ‘لە كۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە پەرلەمانی كوردستان لە ئێستادا كۆبوونەوەكانی رابگرێت، تا بارودۆخی نێوانیان بەتەواوی ئاسایی دەبێتەوە’، بۆ ھەموولایەکی ڕووندەکەینەوە، ھەواڵی وەھا لەم شێوەیە ھیچ بنەمایەکی نییە”.
نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی بافڵ تاڵەبانی ئەوەشی خستوەتەڕوو، “لەو کۆبوونەوەیەدا بابەتی لەمشێوەیە بەھیچ شێوەیەک باسی لێوەنەکراوە، بۆ ڕای گشتی و میدیاکاران و میدیا بەرپرسیارەکانیش ڕووندەکەینەوە، ھەر بۆچوون و ھەواڵێکی ڕەسمی لە کەناڵە مەرکەزییەکانی سەر بە مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لاپەڕەی ھاوسەرۆک بافڵ تاڵەبانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاودەکرێتەوە”.
لە كۆبوونەوەیەكدا هەریەك لە بافڵ تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی جەختیان لە گرنگی و پێویستیی یەکڕیزی نێوان لایەن و پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان كردەوە “بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە”.
بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوێنێ سێشەممە 1ی كانونی یەكەم لە هەولێر چاویکەوت بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمى کوردستان.
بەپێی ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، دوایین پێشهاتە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان و لێکەوتەکانى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڤید_19 بەتایبەتى لە بوارى ئابوریدا کە دۆخێکى سەختى هێناوەتە ئاراوە و کاریگەرییەکى نەرێنى کردووەتە سەر ژیان و گوزەرانى هاوڵاتییان، کێشەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى عێراق و گفتوگۆ و هەوڵى چارەسەرکردنیان و چەند پرسێکى دیکەیان تاووتوێکردووە.
“هەروەها هەردوولا جەختیان لە پێویستیى یەکڕیزى و تەبایى نێوان لایەن و پێکهاتەکانى هەرێمى کوردستان بۆ تێپەڕاندنى ئەم دۆخە و سەختییەکان و بەرەنگاربوونەوەى تەحەددییەکانى قۆناغەکە و داهاتوو کردەوە”، وەك لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.