بەیانیی ئەمڕۆ لە هۆتێلێکی شاری کەربەلا ئاگرکەوتەوە، بەرگریی شارستانیی کەربەلا ئاشکرایکرد، بەهۆی ئاگرەکەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و 20 کەسیش بریندارن.
لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی کەربەلا ڕایگەیاند، کە بەیانیی ئەمڕۆ ئاگر لە هۆتێلی (جیراش پاڵاس) کەوتەوە، کە دەکەوێت ناوچەی تەربیە لە ناوەڕاستی کەربەلا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بەرگریی شارستانیی کەربەلا ئاشکرایکردووە، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە کە هەردووکیان ژنن، یەکێکیان عێراقی و ئەوی تریان ئێرانییە، هەروەها 20 کەسیش برینداربوون، 42 کەسی ناو هۆتێلەکەش ڕزگارکراون.
سەبارەت بە هۆکاری ئاگرەکە دەڵێت، هۆتێلەکە مەرجەکانی سەلامەتی و ئاگادارکردنەوەی تێدا نەبووە و لێکۆڵینەوەش بەردەوام دەبێت.