یەکەم شوێن لە جیهاندا ڕێکلامکردن بۆ گۆشتی سوور بە هەمووشێوەیەک قەدەغە دەکات

شاری هارلمی هۆڵەندا بەبڕیارێکی سەیر ڕێکلامکردنی بۆ فڕۆشتنی گۆشتی سوور و بەرهەمەکانی لە شوێنە گشتییەکاندا قەدەغەکرد، بەوەش بوو بە یەکەم شوێن لە جیهاندا ئەو بڕیارەی دابێت، هۆکارەکەشی پاراستنی ژینگەیە.

ئەو شارە هۆڵەندییە کە دەکەوێت ڕۆژئاوای ئەمستردام و دانیشتووانەکەی دەگاتە 160 هەزار کەس، بڕیاریدا لە ساڵی 2024ـەوە ڕێکلامکردن بۆ گۆشت قەدەغە بکات، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە ژەهراوییەکان بۆ ناو بەرگەهەوا.

بڕیارەکە بووەتە هۆی سکاڵای بەرهەمهێنەرانی گۆشتی سوور.

سەبارەت بە کاریگەرییەکانی گۆشتی سوور لەسەر دەردانی گازە ژەهراوییەکان توێژینەوە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرهەمهێنانی خۆراک بەرپرسە لە دەردانی یەک لەسەر سێی کۆی ئەو گازانەی کە دەبنە هۆی گەرمبوونی زەوی، هەروەها  گۆشتی سوور قەبارەی پیسبوونی دوو هێندە زیاترە بەراورد بە خۆراکە ڕووەکییەکان.

توێژینه وه كان جەخت له چه ند ڕاستییه ك دەکەنەوە، له وانه ش بڕینی دارستانەکان به مەبەستی دابینكردنی لەوەڕگا بۆ ئاژەڵان، هەروەها خۆراكەكەیان نایترۆجینی تێدایە، كە هەوا و ئاو پیس دەكات و هۆکارە بۆ زیادبوونی گەرمبوونی جیهان.

لایەنێکی دیکەش ئەوەیە، ئاژەڵداری دەردانی میتان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاتر دەکات، کە یەکێکە لە گازە سەرەکییەکانی هۆکار بۆ گەرمبوونی زەوی.

ئەندامێکی پارتی سەوزی هۆڵەندا دەڵێت، بڕیارەکە ڕێگر نییە لەبەردەم خواردن و دروستکردنی خۆراکەکان بە گۆشتی سوور و فرۆشتی ئەو گۆشتە، بەڵام ناکرێت بە خەڵک بڵێین، ژینگە مەکەن و قەیرانی توندی ژینگەییمان هەیە، لەکاتێکدا ڕێکلام بۆ گۆشت بکەین و هانیان بدەین بۆ کڕینی یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی ئەو قەیرانە.

بابەتی پێشتر

ئەمریکا: هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ سەر یۆنان یارمەتیی نادات

بابەتی دواتر

لە هۆتێلێکی کەربەلا ئاگرکەوتەوە و دوو کەس گیانیان لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share