بەندەری فاو.. گرێبەستێك بە بەهای 2.6 ملیار دۆلار واژوودەكرێت

حكومەتی بەغداد ڕەزامەندە لەسەر واژووكردنی گرێبەستێك بە بەهای 2.625 ملیار دۆلار لەگەڵ كۆمپانیای دایۆ

حكومەتی عێراق سوورە لەسەر ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی كۆریای باشوور بۆ دەستكردن بە پرۆژەی بەندەری گەورەی فاو و سەرچاوەیەكیش دەڵێت، بەهاكەی 2.6 ملیار دۆلارە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی كانونی یەكەم لەسەر زاری گەورە بەرپرسێكی عێراقییەوە ڕایگەیاند، حكومەتی بەغداد ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر واژووكردنی گرێبەستێك بە بەهای 2.625 ملیار دۆلار لەگەڵ كۆمپانیای دایۆ بۆ ئەندازیاری و بیناسازی بەمەبەستی دروستكردنی یەكەم قۆناغی بەندەرەكە تایبەت بە شمەكە سەرەكییەكان كە بڕیارە لە فاو لە باشوور دروستبكرێت.

هاوكات ناسڕ شبلی، وەزیری گواستنەوەی عێراق وتی، ئەنجومەنی وەزیران دەنگیدا لەسەر سەرپشككردنی وەزارەتی گواستنەوە بۆ جێبەجێكردنی بەندەری گەورەی فاو، بەمەش دواتر وتوێژەكانی لەگەڵ كۆمپانیای دایۆ دەستپێكردووە.

بەر لە چەند ڕۆژێك كۆمپانیای گشتیی بەندەرەكانی عێراق دوورخستنەوەی كۆمپانیایەكی چینی و هەڵبژاردنی دایۆ-ی كۆریای باشووری ڕاگەیاند.

پێشتر وەزارەتی گواستنەوەی عێراق كۆمپانیای دایۆی بە پاشەكشەكردن لە دورستكردنی بەندەرەكە تۆمەتباركرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە 9ی ئەیلولی ڕابردوو كۆمپانیاكە وەستاندنی كارەكانی لە پرۆژەكە ڕاگەیاند پاش دۆزینەوەی تەرمی بەڕێوبەرەكەی بە هەڵواسراوی.

پرۆژەی بونیادنانی بەندەری گەورەی فاو ڕوبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە لەوەتەی لە ساڵی 2008ەوە بەردی بناغەی دانراوە و بەهۆیەوە لەوكاتەوە جێبەجێكردنی ڕاوەستاوە.

گرنگی بەندەری فاو بووە دوو هێندە پاش تاوتوێكردنی سودە گەورە ئابورییەكەی، هەروەها بەهۆی ئەو مشتومڕە بەردەوامەی لەنێوان عێراق و كوەیتدا هاتە ئاراوە كە لە بەرامبەریدا بەندەری گەورەی موبارەكی بونیادنا.

بابەتی پێشتر

مەشقە ئامادەکارییەکانی مان یونایتد بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئێڤەرتۆن لە جامی کاراباو

بابەتی دواتر

سەرچاوەیەك بۆ ئێستا: شەڕەتەقە لە بازگەی بانی مەقان ڕوینەداوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share