دۆلارەکەی سلێمانی: بەردەوامی ناسەقامگیرییەکانی عێراق گرانی و هەڵاوسان دروستدەکات

بەهۆی ناسەقامگیری و ئاڵۆزییەکانی بەغداد و ناوچەکانی دیکەی عێراق ئەمڕۆ بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە بەغداد داخرا، شارەزایەکی بواری دراویش دەڵێت، تەنها لە چەند کاتژمێرێکدا زیاتر لە 600 دینار نرخی دۆلار بەرزبووەتەوە.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی نەبوونی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە بەغداد پەیوەندیی بە قەدەغەی هاتوچۆ و پشووی حکومەتی عێراقەوە هەیە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئەو ناوچانە، بەڵام ئەگەر ناسەقامگیرییەکان بەردەوامبن کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بەهای دیناری عێراقی و هەڵاوسان دەبێت.

ئاماژەی بەوەکرد، نرخی دۆلار پەیوەستە بە بانکی ناوەندییەوە کە تا چەند پاڵپشتیی دراوی عێراقی دەکات بۆئەوەی نرخەکەی جێگیربێت، ئەگەر ئاڵۆزییەکان بەردەوامبن و گرفت بۆ کارەکانی بانکی ناوەندی دروستدەبێت و ناتوانێت وەک پێویست کۆنترۆڵی خستنەڕووی دۆلار بکات.

بەپێی وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، لە ئەگەری دورستبوونی ئەو گرفتەدا کە ناسەقامگیرییەکانی ئێستا مەترسی زۆرن بۆ توانای کارەکانی بانکی ناوەندی، نرخی دیناری عێراقی دادەبەزێت و دۆلار بەرزدەبێتەوە.

کاریگەرییەکانی پەککەوتنی کارەکانی بانکی ناوەندی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و نرخی دۆلار بەرزدەبێتەوە چونکە دراوەکە لە بازاڕدا کەمدەبێتەوە، ئەو گۆرانکارییانە کاریگەریی نەرێنیی گەورەیان لەسەر ئابوریی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەبێت و نرخی کاڵا و کەلوپەل بەرزدەبێتەوە و هەڵاوسان زیاددەبێت، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی وای وت.

باسی لەوەکرد، بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان وڵاتێکی هاوردەکارە و کاڵا و کەلوپەل لە دەرەوە هاوردە دەکات ئەو کاڵایانەش بە دۆلار دەکڕدرێن بۆیە نرخی شتومەک بەرزدەبێتەوە و گرانی دروستدەبێت کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی خەڵک هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیاییدا، ئەگەر دۆخی عێراق ئاسایی ببێتەوە بەهۆی بوونی یەدەگی پێویستی دۆلار لە بانکی ناوەندیی عێراق کە بڕەکەی زیات لە 80 ملیار دۆلارە، هیچ گرفتێک بۆ نرخی دۆلار دروستنابێت چونکە عێراق لەوبارەیەوە هیچ کێشەیەکی نییە.

بابەتی پێشتر

بایرن میونشن گرێبەستی ساڵحمدزیچی درێژكردەوە

بابەتی دواتر

مەسرور بارزانی بۆ کازمی: ئامادەین لە گەڕاندنەوەی ئاشتیدا یارمەتیتان بدەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share