سێ پەرلەمانتاری كورد داوایەك ئاراستەی حكومەتی هەرێم دەكەن

ڕونكردنەوەكەی شەوی ڕابردووی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە “نابەرپرسیارانە” ناودەبەن

سێ پەرلەمانتاری هاوپەیمانی هیوا و ئەندامی لیژنەی دارایی داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەن “لەسەر سیاسەتی هەڵە و کوشندەی نەوت” بەردەوام نەبێت و پێداچوونەوەی پیادابكات.

هەریەك لە پەرلەمانتاران (ئەحمەد حاجی رەشید، جەمال کۆچەر و هۆشیار عەبدوڵا) نوێنەرانی هاوپەیمانی هیوا لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 19ی كانونی دووەم لە ڕاگەیەنراوێكی هاوبەشدا دەڵێن، بە پێویستی دەزانین دوبارە تەئکید لە پێشنیارێکی پێشومان بکەینەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بریتییە لە ڕادەستکردنی نەوت بە سۆمۆ بە گوێرەی ئەو ڕێکەوتنەی کە حکومەتی هەرێم پێشتر ڕایگەیاند لەگەڵ حکومەتی عێراق کردویانە.

دەشڵێن، “دوابەدوای ئاشکرابوونی داتاکانی ناو ڕاپۆرتی (دیلۆیت) ئێستا لەهەموو کات زیاتر لای خەڵکی کوردستان ڕوون و ئاشکرایە کە نەوتی هەرێم هەرزانفرۆش دەکرێت و پڕە لە کێشەی بونیادی کە بونەتە گرفتی گەورە بۆ ئێستا و لە ئایندەشدا دەبێتە کێشەی گەورەتر و ئاڵۆسکاوتر بۆ هەرێم و خەڵکەکەی”.

پەرلەمانتارانی لیژنەی دارایی دوپاتیشیدەكەنەوە، پێویستە بەخێرایی ئەو مەلەفە بە ڕیشەیی چارەسەر بكرێت و، حکومەتی هەرێم بەخێرایی لەگەڵ سۆمۆ بکەوێتە گفتوگۆ لەپێناو ڕادەستکردنی نەوت و نیشاندانی نیەتپاکیی سەرەتایی بۆ پابەندبوون.

جەختیشدەكەنەوە، “ئەگەر حکومەتی هەرێم هەنگاوێکی لەو شیوەیە بنێت، ئەوا پشتیوانییەکی گەورە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق و گفتوگۆکانی ناو پەرلەمانیش بۆ تێپەڕاندنی بودجەی 2021 بەدەستدەهێنێت”.

پەرلەمانتاران ڕونكردنەوەكەی شەوی ڕابردووی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە “نابەرپرسیارانە” ناودەبەن و داواش لە حكومەت دەكەن خۆیان لێی بەدووربگرن و دەشڵێن، “پێویستە کابینەی نۆ چیتر لەسەر سیاسەتی هەڵە و کوشندەی نەوت وەک رابردوو بەردەوام نەبێت و بە خێرایی پێداچونەوە بکات بە مەلەفیی نەوتدا بە شێوەیەک نەوت و داهاتەکەی نەبێتە هۆکاری بێموچەیی خەڵک بەڵکو ببێتە سەرچاوەی موچە و ژیان و بژێوی و خۆشگوزەرانیی بۆ هاونیشتیمانیانمان”.

بابەتی پێشتر

سلێمانی: سێ ماتۆڕسوار بڕی 10 هەزار دۆلار لە کەسێک دەدزن و هەڵدێن

بابەتی دواتر

وەزارەتی تەندروستی: چوار کەسی دیکە بە کۆرۆنا گیانیانلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share