بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانیی سلێمانی ڕایدەگەیەنێـت، پێشبینیدەكرێت بارانبارینی پایزی ئەمساڵ كەمبێت و لەخوار ئاستی تێكڕاوە بێت دەشڵێت، “بۆ زستان ئاستی بارانبارین تا ڕادەیەك باشتردەبێت”.
ئاسۆ كەمال، بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانیی سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بەپێی پێشبینییەكان بارانبارینی پایزی ئەمساڵ كەمدەبێت و لە خوار ئاستی تێكڕاوە دەبێت، بەڵام بۆ زستان پێشبینیدەكرێت ئاستی بارانبارین لە ئاستی تێكڕاوە نزيك بێـت و ڕێژەی بارانبارین زیادبكات.
ئاماژەی بەوەش كرد، “ماوەی دوو ساڵە كەمبارانی ڕووی لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان كردووە و ساڵی ڕابردوو بە تێكرا 430 ملیمەتر بارانباریوە و ساڵ هەبووە 200 ملیمەتر باریوە و بۆیە كاریگەریی گۆڕانی كەشوهەوا لەسەر هەرێمی كوردستان هەر دەمێنێت”.
بەڕێوەبەری كەشناسیی سلێمانی باسی لەوەش كرد، “هەندێك لێكەوتە و كاریگەری هەن لە ئۆقیانووسی ئارام كە گۆڕانی كەشوهەوا ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر كەشوهەوای وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە پێشبینیدەكرێت ئاستی بارانبارین لە پایزی ئەمساڵ نەگاتە ئاستی تێكڕا، بەڵام بۆ زستان ڕێژەی بارانبارین زیادبكات و ڕەوشی كەشوهەواش بەردەوام لە گۆڕانكاریدایە.