چەند بەرپرسێكی سەرچاوەكانی ئاو، هەڕەشەی كوشتن و تەقاندنەوەی ماڵەكانیانیان لێدەكرێت، ئەوانەی هەڕەشەدەكەن خاوەنی حەوزەكانی ماسین.
بەڕێوەبەری سەرچاوەكانی ئاوی بەسڕە ئاشكرایكرد، بەشێك لە خاوەنی حەوزەكانی بەخێوكردنی ماسی كە بە زیادەڕۆیی و نایاسایی حەوزیان دروستكردووە، هەڕەشە لە بەرپرسانی كەرتی ئاو دەكەن.
جومعە شیاع بەڕێوەبەری سەرچاوەكانی ئاوی بەسڕە، لێدوانی بۆ میدیای عێراقی داوە و ڕایگەیاندووە، لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە هەڕەشەی كوشتن لە خۆی و بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە فەرمانگەكە و بەرپرسێكی تر كراوە.
شیاع دەڵێت، “ئەو كەسانەی هەڕەشەدەكەن، خاوەنی حەوزەكانی بەخێوكردنی ماسین كە زیادەڕۆییان كردووەتەسەر سامانی ئاو” و جەختیكردەوە، خاوەنی حەوزەكانی بەخێوكردنی ماسی دەڵێن، ئەگەر ڕێكاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر و حەوزەكانیان لاببرێن، ئەوا بەرپرسانی فەرمانگەی سەرچاوەكانی ئاوی بەسڕە دەكوژن و ماڵەكانیان دەتەقێننەوە.