زیندانییانی بادینان لە دۆخی تەندروستیی دژواردان، بە وتەی سەرۆكی تیمی پارێزەرانیان بەشێكیان گورچیلەیان لاواز بووە، بەشێكیان چاویان و یەكێكیشیان تووشی خوێنبەربوون بووە و دەشڵێت، دۆسیەی ئازادكردنیان بەسیاسی كراوە و دەستیدەستی پێدەكرێت.
لەگەڵ ئەوەی بڕیاری ئازادكردنی بەمەرج ژمارەیەك لە چالاكوانە زیندانییەكانی بادینان دەگرێتەوە، بەڵام لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەولێرەوە دەستیدەستی پێدەكرێت.
بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بەرگری لە چالاكوانانی بادینان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، دوای ئەوەی دوێنێ دۆسیەی زیندانییان لە دادگای كەتنەوە گەڕێندرایەوە بۆ چاكسازیی گەورانی هەولێر بەمەبەستی تەواوكردنی كەموكوڕییەكانی ناو دۆسیەكان، ئەمڕۆ لە چاكسازی دۆسییەكانیان تەواونەكرد و خستیانە هەفتەی ئایندە.
وتیشی، “بابەتەكە سیاسییە و دەستی دەستیمان پێدەكەن، بەڵام بەپێی ماددەی 329 لە یاسای سزادانی عێراقی، هەر كەسێكی ڕاسپێردراو بە خزمەتی گشتی، ئەگەر بڕیاری دادگا جێبەجێنەكات، وادادەنرێت كە تاوانێكی ئەنجامداوە”.
بۆیە وتی، ئەگەر ڕۆژی یەكشەممە كەموكوڕیی دۆسیەی زیندانییانی بادینان و هەموو ئەوانەی بە ماددەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی كوردستان زیندانیكراون تەواونەكرێت، كە داوای ئازادكردنی بەمەرجیان كردووە، ئەوكات ناچاردەبن سكاڵا دژی بەڕێوەبەری چاكسازیی گەوران تۆماربكەن.
سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی زیندانییانیش بەشدار حەسەن وتی، “دۆخی تەندروستییان زۆر زۆر خراپە، ناهێڵن بیانبینین، دەزانن گەر بیانبینین ڕای گشتی لێئاگاداردەكەینەوە”.
ئەوەشی وت، مانگرتنی زیندانییان بەردەوامە، بەهۆیەوە بەشێكیان گورچیلەیان لاواز بووە، بەشێكیان چاویان كز بووە و یەكێكیشیان تووشی خوێنبەربوون بووە.
سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بەرگری ڕوونیشیكردەوە، شیروان شیروانی دوو ڕۆژە لەهۆش خۆی دەچێت، یوسف شەریف هەموو جەستەی تووشی كیسی ئاو بووە، ئەمجەد ڕێكانی تووشی ڤایرۆسی جگەر بووە و هەردوو گورچیلەشی كز بوون و نێچیرڤان بەدیع-یش بەهۆی خوێنبەربوونەوە چاوەكانی كز بوون.
لای خۆیەوە مونا یاقو، سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە میدیاكانەوە گوێمان لێبوو كە دۆخی تەندروستییان باش نییە، هەفتەی ڕابردوو دووجار سەردانی زیندانییانمان كرد و چاوپێكەوتنمان لەگەڵدا ئەنجامدان.
وتیشی، “داوام لێكردن مانگرتن بشكێنن، بۆشم دووپاتكردنەوە كە بەرگرییان لێدەكەین، نەك تەنها لە زیندانییانی بادینان، بەڵكو لە هەموو ئەوانەی ئازادكردنی بەمەرج دەیانگرێتەوە و پێویستە بڕیاریان بۆ دەربچێت”.
لەسەر چی دەستگیركراون؟
ڕۆژی 15ی ئایاری ساڵی 2020، یەك ڕۆژ پێش گردبوونەوەی ژمارەیەک مامۆستای دهۆک لە پارکی ئازادی لە دژی دواکەوتنی مووچەکانیان، بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی، كە ڕێکخەرانی سەرەکیی گردبوونەوەکە بوون، لەلایەن پۆلیسی دهۆکەوە دەستگیرکران.
دوابەدوای خۆپیشاندانێكی ناڕەزاییش لە ئابی 2020 لە زاخۆ كە توندوتیژی لێكەوتەوە و بەریەككەوتن لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەكانی پۆلیسدا ڕوویدا، هەڵمەتی دەستگیركردنی چالاكوان و ڕۆژنامەنووسان دەستیپێكرد.
زۆرینەی ئەو دەستگیركراوانە تۆمەتی “تێكدانی ئاسایش و ئاژاوەگێڕی”یان ڕووبەڕووكراوەتەوە، لەنێویاندا پێنج كەسیان لە ناوەڕاستی شوباتی ساڵی ڕابردوو بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزادران، ژمارەكیان ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵ ئازادكران، بەڵام هەندێكیان لە زیندان هێڵدراونەتەوە.
بە درێژایی ئەو ماوەیەی ڕابردوو چەندین گردبوونەوە و چالاکیی جۆراوجۆر لە ناوخۆ و وڵاتانی ئەوروپا و جیهان دژ بە دەستگیرکردن و سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانە بەڕێوەچوون، هەروەها ژمارەیەك ڕێكخراوی جیهانی، ڕاپۆرتیان لەسەر کەیسەکە بڵاوکردووەتەوە، جگە لە هەوڵ و فشاری كونسوڵی وڵاتان بۆ سەر دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا سزای سزادراوان هەڵبوەشێنێتەوە.
لە 19ی شوباتی ساڵی 2021دا باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد، ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی دەستگیركراوان بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد، “لە نزیكەوە چاودێریی دەستگیركردنەكانی ئەمدواییانەی ڕۆژنامەنووس و چالاكوانان و دادگاییكردنیانمان كرد، ئەمریكا بە بەردەوامی لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا گفتوگۆی كردووە لەبارەی ئازادیی بیروڕا، لەنێویشیاندا ئازادیی بیروڕای ڕۆژنامەنووسان، ئەمریكا لەسەر هەمان ڕێباز بەردەوامدەبێت”.
باڵیۆزخانەی ئەمریكا دووپاتیشیكردووەتەوە، “كۆمەڵگە دیموكراتەكان، ڕێز لە ئازادیی بیروڕا دەگرن و پشتیوانی لە توانای ڕۆژنامەنووسان دەكەن لەپێناو گواستنەوەی هەواڵ بەبێ ترس و تۆڵەسەندنەوە”.