دەسەڵاتدارانی كۆڵۆمبیا ڕایدەگەیەنن، داڕمانی زەوی لە كانە خەڵوزێكی بەردینی ناوەڕاستی وڵاتەكە بووەتەهۆی گیرخواردنی 9 كرێكار لەژێر زەویدا.
بەپێی میدیاكانی ئەو وڵاتە داڕمانەكە ئێوارەی دوێنێ لە كانێكی خەڵوزی نایاسایی لە شارۆچكەی لینگوازكی ڕوویداوە.
ئەوەشی ڕوونكردەوە، پەیوەندی لەگەڵ كرێكارانی كانە خەڵوزەكە كراوە و سەرجەمیان لە ژیاندا ماون، یەكێكیان بریندارە، هەوایان بۆ دەنێردرێت و پاڵپشتیی تەندروستییان پێدەدرێت.
لە ئێستادا كار بۆ هەڵكەندنی تونێلێك لە كانێكی دیكەوە دەكرێت بۆ گەیشتن بە كرێكارەكان و ڕزگاركردنیان.
تەنها لە ساڵی 2021دا كۆڵۆمبیا، چوارەم گەورە ئابوریی ئەمریكای لاتین، گیانلەدەستدانی 148 كەسی لە ڕووداوی كانەكاندا تۆماركردووە.
هەردوو كەرتی نەوت و كانگاكان دوو سەرچاوەی سەرەكی داهاتی ئەو وڵاتەن.