ئەڵمانیا سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە ئۆكرانیا دەدات

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دەڵێت، وڵاتەكەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا یەكەم سیستمی پێكهاتوو لە چوار سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە جۆری (ئەی.ئاڕ.ئەی.ئێس-تی) بە ئۆكرانیا دەدات.

كریستین لامبارخت وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، دووبارە هەڵدانی مووشەك بۆ سەر كیێڤ و ژمارەیەك لە شارەكانی دیكە، ئاستی گرنگیی بەخێرایی پێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە ئۆكرانیای دەرخستەوە.

وتیشی، “هێرشەكانی ڕوسیا بە مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دانیشتووانی مەدەنی تۆقاندووە. لەبەر ئەم هۆكارە پاڵپشتیی تایبەت بە چەكی بەرگریی ئاسمانی پێشكەش دەكەین”.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕوسیا چەند شارێكی لە ئۆكرانیا بۆردومانكرد، جگە لە كوژرانی ژمارەیەك هاوڵاتیی مەدەنی، بووەهۆی پچڕانی تەزووی كارەبا و ڕاوەستاندنی سیستمی گەرمكەرەوە.

یەكێك لە بۆردومانەكانیش باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئەڵمانی لە كیێڤ گرتەوە.

هێرشەكان وا دەردەكەوێت تۆڵەكردنەوە بێت، دوای ئەوەی ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا ڕایگەیاند، ئەو تەقینەوەیەی لەژێر پردی نێوان ڕوسیا و دوورگەی قرم ڕوویدا هێرشی تیرۆرستی بووە.

بابەتی پێشتر

هۆزی ئەمیشەکان کێن؟

بابەتی دواتر

پیۆلی: سبەینێ میلانێکی تر دەبینن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share