بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، سەرجەم بانكەكان پێكەوە دەبەسترێنەوە و دابەشكردنی مووچە دەكرێتە كارتی بانكی و جەختیشدەكاتەوە، ” مووچەخۆر لە هەر شوێنێك بێت دەتوانێت لە ڕێگەی كارتی بانكییەوە لە هەر بانكێك كە بیەوێت مووچەكەی وەربگرێت”.
حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی هەرێم لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، حكومەت و وەزارەتی دارایی كار لەسەر ئەوە دەكەن سەرجەم بانكەكان پێكەوە ببەسترێنەوە و بەوەش مووچەخۆر دەتوانێت لە هەر بانكێك بێت مووچەكەی وەربگرێت لە ڕێگەی ئەو كارتەی بۆی دروستدەكرێت.
ئاشكرایكرد، “ئەو بڕیارە سەرجەم خانەنشینانیش دەگرێتەوە ئەو كێشەیەی لە دابەشكردن و سەرەی وەرگرتنی مووچەدا هەبووە چارەسەردەبێت و كار دەكرێت كە تا كۆتایی ئەمساڵ بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە و مووچەخۆران بە كارت مووچەكەیان وەربگرن”.