دوو ئەندەرپاس لە شەقامی سەرەكیی سلێمانی-تاسڵوجە دروستدەكرێن

بەردی بناغەی دوو ئەندەرپاس لەسەر شەقامی سەرەكیی سلێمانی-تاسڵوجە دانرا، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، بەمنزیكانە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

زەردەشت ڕەفیق وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بەردی بناغەی یەکتربڕى باخى بەختیارى دانرا كە پێکهاتووە لە دروستکردنى دوو ئەندەرپاس لەژێر شەقامى سەرەکیى سلێمانى-تاسڵوجە، یەکەمیان لە ئاستى شەقامى چەقەچەق و دووەمیان لە ئاستى شەقامى ڕۆشتوو بۆ خانووەکانى مامۆستایانى زانکۆ.

وتیشی، “هەردوو ئەندەرپاسەكە یەك پڕۆژەیە و بەمنزیكانە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە”.

لەبارەی پڕۆژەكەوە سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، ئەم یەکتربڕە دەبێتە هۆى چارەسەركردنی كێشەی (U-turn)ی نزیك باخی بەختیاری و سەربەستكردنی هاتوچۆى شەقامى سلێمانى-تاسڵوجە و بە یەكگەیاندنی شەقامی سلێمانی-تاسلوجە ئاراستەی ڕۆشتن بۆ تاسلوجە بە گەڕەكەكانی (دابان، ئاوبارە، ئاشەسپی، زانكۆ، نالی، شەهیدان، پێشەوا، كۆسەی چەم و چەندین گەڕەكی تر).

هەروەها بە یەكگەیاندنی گەڕەكی قلیاسان و زانكۆی سلێمانی بە هەمان ئەو گەڕەكانە، بەمەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ڕووداوی هاتوچۆ و قەرەباڵغی لەسەر شەقامی سەرەكیی سلێمانی-تاسلوجە و بەرزكردنەوەی توانای شەقامەكە و باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزاریی شەقامەكە.

بابەتی پێشتر

مانچستەر سیتی "جۆکەری 8"ی کڕی

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: ڕێگەنادرێت هیچ لێپرسراوێكی یەكێتی پێگەكەی بۆ دەستكەوتی تایبەت بەكاربهێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share