ناوچەیەكی شوێنەواری لە عێراق دۆزرایەوە، وەزیری ڕۆشنبیری بە “گەنجینەیەكی گرنگ” ناوزەدی دەكات.
ئەمڕۆ دووشەممە، حەسەن نازم وەزیری ڕۆشنبیریی عێراق، دۆزینەوەی ناوچەیەكی شوێنەواریی لە تەل ئەسوەدی شاری نەجەف ڕاگەیاند و دەڵێت، “ئەوەی دۆزراوەتەوە گەنجینەیەكی شوێنەواریی گرنگە و لەلایەن تیمێكی شوێنەوارناسیی عێراقییەوە دۆزراوەتەوە”.
لە ناوچە شوێنەوارییەكەدا گۆزەیەكی گڵین دۆزراوەتەوە كە چەندین كەرەستەی جوانكاری و مستیلە و ملوانكە و گوارە و پارچە خشڵ و بەردی گرانبەهای تیادابووە، لەگەڵ 18 دینار كە لە ئاڵتوون دروستكراون و زیاتر لە 100 درهەمی زیوین، مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عەباسییەكان.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وەزیری ڕۆشنبیریی عێراق وتی، لە هەمان ناوچەدا چەندین بوتڵی شووشە دۆزراونەتەوە كە بە دەستكرد دروستكراون و ئەستووریی شووشەكان دوو ملیمەترن، لەگەڵ ژمارەیەكی زۆری دراوی مسین و پارچەی گۆزە و دەفری ڕەنگاوڕەنگی شكاو.