بریكاری وەزیری تەندروستیی هەرێم ڕایدەگەیەنێـت، مەترسییەكانی تووشبوون بە پەتای كۆلێرا لە هەرێمی كوردستان نەماون، جەختیشدەكاتەوە ساڵانە تا كۆتایی مانگی ئاب حاڵەتەكانی تووشبوون بە سكچوون تۆماردەكرێن.
د. ڕِەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزیری تەندروستیی هەرێم لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، هەموو ساڵێك مەترسییەكانی پەتای كۆلێرا لە هەرێمی كوردستان لە وەرزی هاویندا هەن، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی وشكەساڵی و كەمبوونەوەی ئاوەوە مەترسییەكە زیادیكرد.
ئاشكرایكرد، لە ئێستادا پەتای كۆلێرا لە هەرێمی كوردستاندا كۆنترۆڵكراوە و مەترسییەكانی پەتاكە نەماون، بەڵام ڕۆژانە بەهۆی وەرزی گەرماوە چەند حاڵەتێكی تووشبوون بە سكچوون لە نەخۆشخانەكاندا تۆماردەكرێن.
لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆناشەوە، بریكاری وەزیری تەندروستی پێیوایە، “لە دوای جەژنی قوربان حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕووی لە هەڵكشان كردبوو، بەڵام ئێستا ڕۆژانە 10%ی ئەو پكشنینانەی ئەنجامدەدرێن تووشبووی كۆرۆنان و تووشبوون بە ڤایرۆسەكە كەمیكردووە”.