نوری مالكی وەڵامی وتارەكەی موقتەدا سەدر دەداتەوە و دەڵێت، گفتوگۆی جددی بە ڕێزگرتن لە دەستوور دەستپێدەكات.
نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە تویتێكدا ڕایگەیاند، گفتوگۆی جددی كە هیوای لەسەر هەڵدەچنن بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان و گەڕاندنەوەی كاروبارەكان بۆ ڕێچكەی ڕاست، بە گەڕانەوە بۆ دەستوور و ڕێزگرتن لە دامەزراوە دەستوورییەكان دەستپێدەكات.
تویتەكەدا لەكاتێكدایە ئێوارەی ئەمڕۆ موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر وتارێكی پێشكەشكرد و تیایدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی كرد.
سەدر لە وتارەكەیدا ڕایگەیاند، هەنگاوی بۆ چاكسازی دەستپێكردووە و بەردەوام دەبێت.
وەك ئاماژەیەكیش بۆ وتووێژەكانی ڕابردوو لەگەڵ لایەنەكانی چێوەی هەماهەنگی وتی، “پێشتر وتووێژمان تاقیكردەوە و سوودی نەبوو” بۆیە داوایكرد ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێستای عێراق هەڵبوەشێندرێتەوە و هەنگاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بنرێت.
موقتەدا سەدر دڵنیایی خۆیشی نیشاندا كە گەل لە دەسەڵاتداران بێزاربوون، لەنێویاندا ئەوانەی لە ڕەوتی سەدرن و وتی، “بوونی من بقۆزنەوە بۆ كۆتاییهێنان بە گەندەڵی”.
سەرۆكی ڕەوتی سەدر داوایشی لە شوێنكەوتووانی كرد لەسەر مانگرتن بمێننەوە و بەردەوامبن تا ئامانجەكانیان بەدیدێت.