چین باڵیۆزی ئەمریکای بانگهێشتكرد و هۆشداریش بە بەریتانیا دەدات

باڵیۆزی چین لە بەریتانیا هۆشداریدەداتە بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە ئەگەری سەردانکردنیان بۆ تایوان و شەوی ڕابردووش چین بەهۆی سەردانەکەی نانسی پیلۆسییەوە بانگهێشتی باڵیۆزی ئەمریکای لە وڵاتەکەی کرد.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جۆنگ چی گانگ باڵیۆزی چین لە لەندەن ڕایگەیاند، سەردانکردنی بەرپرسانی بەریتانیا بۆ تایوان دەستوەردانە لە کاروبارەکانی چین، ئەنجامی خراپی دەبێت.

شەوی ڕابردووش حکومەتی چین بانگهێشتی باڵیۆزی ئەمریکای لە وڵاتەکەی کرد سەبارەت بە سەردانەکەی پیلۆسی بۆ تایوان.

لەمیانی گفتگۆی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە وڵاتەکەی وەزیری دەرەوەی چین پێیڕاگەیاندووە، ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکەی بەرامبەر ئەو سەردانەی پیلۆسی لە ئاستێکی بەرزدان و چین تایوان بە بەشێک لە خاکەکەی دادەنێت.

ئاژانسی فەرمیی شینخوای چینی لەوبارەیەوە بڵاویکردەوە، وەزیری دەرەوەی چین بە باڵیۆزی ئەمریکای وتووە، “سەردانەکەی پیلۆسی هەنگاوێکی خراپە و ئەنجامەکانی مەترسیداردەبن، چین دەستبەستراو ناوەستێت”.

وتوویەتی، “ئەمریکا دەبێت بەرپرسیارێتیی هەڵەکانی هەڵبگرێت، دەبێت واشنتۆن بەخێرایی هەنگاوە هەڵەکانی چارەسەربکات، ڕێکاری کرداری بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە دەرەنجامە نەرێنییەکانی سەردانەکەی پیلۆسی”.

لەلایەکی دیکەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور رەخنەی توندی لە سەردانەکەی نانسی پیلۆسی گرت، بە “دەستێوەردانێکی بێسوودی ئەمریکا لە کاروباری چین” ناوبرد.

کۆریای باکوور جەختی لە پاڵپشتیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ هەڵوێستی چین کردەوە، ڕاشیگەیاند، ئەمریکا دەبێت بەرپرسیارێتیی دەرەنجامە نەرێنییەکانی ئەو سەردانە لە ئەستۆبگرێت.

میدیاکانی کۆریای باکوور لە زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە بڵاویانکردەوە، “دەستێوەردانەکانی ئەمریکا بۆ کاروباری ناوخۆیی چین و وڵاتانی دیکە و بێزارکردنە سیاسی و سەربازییەکانی کە بەمەبەست دەیکات هۆکارە بۆ تێکچوونی ئاشتی و ئارامیی ناوچەکە”.

هەر ئەمڕۆش وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تایوان ڕایگەیاند، وەڵامی هەر کردەیەک دەدەنەوە کە سەروەریی وڵاتەکەیان پێشێلبکات، وەک ئاماژەیەک بۆ مانۆڕەکانی چین لە سنوورەکەیان و ڕایگەیاند، “مانۆڕەکانی چین لە سنوورە ئاوییەکانی تایوان بێزارکردنی و پێشێلکردنی سەروەرییەکانی تایوانە”.

ڕاشیگەیاندووە، “لەگەڵ واشنتۆن و وڵاتانی جیهان دەوەستن بۆ جێبەجێکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێگریکردن لە پێشێلکردنیان”.

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە بە سەردانێکی ڕاگەیەندراو نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا گەیشتە تایوان، ئەمە لەکاتێدایە پیشتر چین هۆشداری توندی لەبارەی ئەنجامەکانی ئەو سەردانەوە دابوو.

بابەتی پێشتر

لە گوندێكی خانەقین هێزە عێراقییەكان كەوتنە بۆسەی چەكدارانی داعشەوە

بابەتی دواتر

داهاتووی ڕۆناڵدۆ ناڕوونە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەرپرسێكی وهان دادگایی دەكرێت

چین بڕیاریدا بە دادگاییكردنی جێگری سەرۆكی شارەوانیی وهان، ئەو شارەی كە پەتای كۆرۆنای تێدا بڵاوبووەوە بە جیهاندا. بەگوێرەی…
Total
0
Share