نهێنییەكان ئاشكراكران؟
21 ساڵ بەسەر هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەردا تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ 21 ساڵ بەسەر هێرشەكانی سەر ئەمریکا لە 11ی سێپتەمبەردا تێدەپەڕێت، کە تێیدا نزیكەی سێ هەزار كەس گیانیان لەدەستدا، تائێستا بەشێك لە نهێنییەكانی پەیوەست بە هێرشەكان بە شاردراوی ماونەتەوە.

ڕۆژی 11ی سێپتەمبەری 2001 ڕۆژێكی ئاسایی بوو لە ویلایەتە یەكگرتووەكان، بەتایبەت كە جۆرج بوش-ی سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا ڕۆژێك پێشتر ڕاپۆرتی ئەمنیی CIA هاوشێوەی ڕاپۆرتەكانی دیكەی وەك FBI پێگەیشت و تیایدا ئاشكرایدەكەن كە هیچ مەترسییەكەی گەورە لەسەر وڵاتە گەورەكەی جیهان و سەرۆكەكەی لەئارادانییە.

بەڵام ڕاپۆرتە هەواڵگرییەكان و زانیاریی دەزگا ئەمنییەكان هەمووكات دروست نین، بەڵكو ڕۆژێك دوای ئەو ڕاپۆرتە گەورەترین ڕووداوی مێژوو لە ئەمریكا و جیهاندا ڕوویدا.

چرپە مەترسیدارەكە
بوش بەرەبەیانی ئەو ڕۆژە لە سەردانكردنی خوێندنگایەكدا بوو لە شاری Sarasota-ی ویلایەتی فلۆریدا. لەو ساتەدا كەسێك لە سەرۆك نزیك دەبێتەوە و چەند وشەیەك بەگوێی سەرۆكدا دەچرپێنێت. ئەو چەند وشەیەی وەك بەناوبانگترین چرپە، لەهەمان كاتدا مەترسیدار، لە مێژوودا دیاریكرا.

بەر لە چوونە پۆلەكە، بوش لە ڕاڕەوی خوێندنگاكە لە چاوەڕوانی دیداری خوێندكارەكاندا بوو، لە تەلەفزیۆنەوە دیمەنی بەركەوتنی “فڕۆكەیەكی بچوكی” بە یەكێك لە تاوەرەكانی بازرگانی World Trade Center كە لە 110 نهۆم پێكدێت بینی. سەرەتا هاوشێوەی ملیۆنان كەسی دیكە كە دیمەنەكەیان لە هەواڵە بەپەلەكانی تەلەفزیۆنەوە بینی، وایهەستكرد كە فڕۆكەیەكی ڕاهێنانی بچوكە و بەهۆی كێشەیەكی دیاریكراوەوە تووشی ئەو ڕووداوە بووە، تا ئەوكاتەی فڕۆكەی دووەم خۆی بە تاوەری دووەمدا كێشا، دروست دوای ئەو ڕووداوە چرپەكەی پێوترا بەوەی “ئەمریكا ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە، كە ڕەنگە تیرۆریستی بێت”.

چرپەكارەكە Andrew Card سەرۆكی كارمەندانی كۆشكی سپی-یە لە نێوان ساڵانی 2001 تا 2006، چرپەكە دیمەنی دەموچاوی سەرۆكی گۆڕی، هەروەك بۆ ماوەیەك سەرسام و بێدەنگی كرد. چاوەكانی دەجوڵاند و تەماشای دەكرد، بەبێ ئەوەی بزانێت سەیری چی دەكات و لەچی دەڕوانێت، لەكاتێكدا ژمارەیەك خوێندكار لەبەردەمیدایە و پێویستە خۆڕاگربێت لەبەرامبەریان.

فڕۆكەی یەكەم (بۆینگ 767)ی سەر بە كۆمپانیای American Airlines لەلایەن پێنج كەسەوە ڕفێندرا، لە كۆی ئەو 19 كەسەی لەلایەن ڕێكخراوی قاعیدەوە بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەك كردەوەی خۆكوژی ڕاهێنانیان پێكرابوو و محەمەد عەتا-ی میسری سەرۆكایەتی دەكرد، كە هەر خۆی ئەو فڕۆكەیەی بەڕێوەبرد كە لە كاتژمێر 08:46ی بەیانیدا خۆی بە تەلارە بازرگانییەكەدا كێشا. بەدوایدا سێ فڕۆكەی دیكەی ڕفێندراو، یەكێكیان لە هەمان جۆر و سەر بە هەمان كۆمپانیا پاش 17 خولەك خۆی بە تەلاری دووەمدا كێشا، بەهۆیەوە هەردوو تاوەرەكە هەرەسیان هێنا وەك ئەوەی ئەوكات لە دیمەكانی تەلەفزیۆنەوە بڵاوكرانەوە.

فڕۆكەی سێیەم لە جۆری (بۆینگ 757)ی سەر بە كۆمپانیای (ئەمریكان ئێرلاین) خۆی بە دیواری بینای پێنتاگۆندا كێشا لە ناوچەی Arlingtonی سەر بە ڤێرجینیا، چوارەم لە هەمان جۆر و سەر بە كۆمپانیای United Airlinesی ئەمریكی، بە 80 سەرنشینەكەیەوە لە بنسلڤانیا كەوتەوە بەر لەوەی بگاتە ئامانجەكەی خۆی كە پێشبینی دەكرا كۆشكی سپی بێت لە واشنتن، لەو زنجیرە هێرشانەدا كە ئەگەری ڕوودانی بەبیری كەسدا نەدەهات، بووە هۆی كوژرانی 2973 كەس، لەنێویاندا دوو هەزار و 753 كەسیان تەنها لە نیویۆرك بوون.

ئاشكراكردنی بەڵگەنامە نهێنییەكان
بە ماوەیەكی كەم پاش دەستبەكاربوونی، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا كەوتەبەر فشارێکی زۆری کەسوکاری قوربانیانی ڕووداوەکانی 11 سێپتەمبەرەوە بۆ ئاشکراکردنی بەڵگەنامە نهێنییەکانی پەیوەست بەو ڕووداوە، كە بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو بە نهێنی هێڵدرابوونەوە.

بەشێک لە زانیارییەکانی ناو بەڵگەنامەکان و لێکۆڵینەوەکان لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا دزەیانکردووە و گەیشتوون بە هاوڵاتییانی ئەمریکی، هەندێك لەوانە بەپێی بۆچوونی چاودێران زانیاریی شۆکهێنەریان تێدایە.

لە چواری ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا جۆ بایدن بڕیاری ئاشکراکردنی بەشێک لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی تایبەت بە ڕووداوەکانی 11ی سێپتەمبەری واژووکرد و بڕیارەکە ئاڕاستەی هەریەکە وەزارەتی داد و ئاژانسە پەیوەندیدارەکان کراوە.

بایدن لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە لەماوەی شەش مانگدا ئەو بڕیارە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەڵێت، “نابێت ئازاری بەردەوامی خێزان و کەسوکاری دوو هەزار و 973 قوربانی کە لە خراپترین هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر ئەمریکا گیانیان لەدەستدا لەبیربکەین”.

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێك بەسەر بڕیارەكەدا، بەڵام زانیارییەكی ئەوتۆ لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە پەیوەست بە وردەكاریی هێرشەكە و لێكۆڵینەوەكانی ئاشكرانەكراوە.

بابەتی پێشتر

ئەڵمانیا: ئامادەین ڕووبەڕووی ئەم زستانە ببینەوە بەبێ گازی ڕوسیا

بابەتی دواتر

جیهان چاوەڕێی ئۆتۆمبێلی "ئەپڵ" دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سودانی گەیشتە واشنتن

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بڕیارە لەگەڵ…
Total
0
Share