بەشێک لە مووشەکە چینییەکە دەکەوێتەخوارەوە و ئەگەری هەیە لە ناوچەی نیشتەجێبوونیش بێت

لەگەڵ سەرقاڵبوونی جیهان بە قەیرانەکانی ژینگە، جەنگ، برسێتی و بڵاوبوونەوەی پەتاکان، میدیاکانی چین لە کۆنترۆڵ دەرچوونی مووشەکێکیان ڕاگەیاند، بەڵام هەواڵە خراپەکە ئەوەیە ئەمجارە مووشەکەکە لە زەریاکاندا ناکەوێتەخوارەوە بەڵکو بەر وشکانی و ئەگەریشی هەیە ناوچەی نیشتەجێبوون بکەوێت.

ڕۆژی یەکشەممەی پێشوو وڵاتی چین مووشەکی جۆری “Long march B5″ی هەڵدا، مووشەکەکە کێشی نزیکەی 23 تۆنە، دواتر میدیاکانی چین بڵاویانکردەوە مووشەکەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە و جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بەرەو زەوی.

بەپێی پێشبینییەکانی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپی، ناوچەی مەترسیداری کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە دەکرێت هەر بەشێک بێت لەنێوان “هێڵی 41.5ی باکوور بۆ 41.5ی باشوور”، ئەوەش ناوچەیەکی فراوانی زەوی دەگرێتەوە.

ئەو شوێنانەی دەکەونە ناوچە پێشبینیکراوەکەوە هەریەکە لە، ئەمریکای باکوور باشووری نیویۆرک، ئەمریکای باشوور، ئەفریقا، ئوسترالیا، یۆنان، ئیتالیا، ئیسپانیا، پرتوگال، هەروەها باشووری ژاپۆن پێشبینیکراون بۆ کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە.

هەروەها فەرماندەیی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکی کاتی کەوتنەخوارەوەی بەشەکەی دیکەی دیاریکردووە، بەپێی پێشبینییەکە ئەگەری هەیە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو بکەوێتەخوارەوە، جەختیشیکردووەتەوە بەبەردەوامی چاودێریی خولگەی مووشەکەکە دەکەن بۆ دیارکردنی تەواوەتی شوێن و کاتی کەوتنەخوارەوەکەی.

هەندێک لە وڵاتان مەترسی لە کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە لە ناوچەی نیشتەجێبوون ئاشکرادەکەن و داوادەکەن سزای نێودەوڵەتی بەسەر چیندا بسەپێنرێت بەهۆی ئەو تاقیکردنەوە مووشەکییانەی کە مەترسی لەسەر زەوی دروستدەکەن.

بابەتی پێشتر

مانچستەر سیتی و لیڤەرپوڵ جەنگی قەڵغانی خێرخوازی دەكەن

بابەتی دواتر

لێدوانی گواردیۆلا پێش ڕووبەڕووبونەوەی لیڤەرپوڵ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share