ستراتیژی “ئاڵای ساختە” بۆ هەڵگیرسانی شەڕ.. ڕوسیا خەریكی دروستكردنی بیانووە

بڕیارە ئەمڕۆ هەردوو سەرۆكی فەرەنسا و ڕوسیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی ئەنجامبدەن، كە پێدەچێت هەوڵەكانی كۆتا سات بێت بۆ بەرگرتن لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ، لەكاتێكدا ئاماژە هەن بۆ ئەوەی ڕوسیا خەریكی دروستكردنی بیانووە بۆ ئەنجامدانی “هێرشە چاوەڕوانكراوەكە”.

دوای ئەوەی لە 7ی ئەم مانگەدا، ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا لە مۆسكۆ كۆبوونەوە، ئەمڕۆش پەیوەندییەكی تەلەفۆنی ئەنجامدەدەن، كە هاوكاتە لەگەڵ هەڵكشانی زیاتری دۆخی ڕۆژهەڵاتی ئۆكرانیا.

كۆشكی سەرۆكایەتیی فەرەنسا “ئیلیزیێ” پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ماكرۆن و پوتینی بە “دوا هەل و كۆتا هەوڵەكان” وەسفكردووە بۆ بەرگرتن لە شەڕ.

چەند ڕۆژێكە دۆخەكە لە ناوچەی دۆنباس لە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا، كە هەردوو كۆماری دۆنیتسك و لۆگانسك-ی تاكلایەنە ڕاگەیەندراوی لێیە و لایەنگری ڕوسیان، ئاڵۆزە، جوداخوازەكانی ناوچەكە ئۆكرانیا تۆمەتباردەكەن بە هێرش و بۆردومان، لەكاتێكدا ئۆكرانیا دووپاتیكردووەتەوە، هیچ هێرشێكی بۆسەر ئەو ناوچانە ئەنجامنەداوە و ئەوە جوداخوازەكانن كە هێرش دەكەنەسەر هێزە ئۆكرانییەكان.

بەوتەی جوداخوازەكان و میدیاكانی ڕوسیا، شەوی ڕابردوو بۆردومانەكانی ئۆكرانیا ناوچەكانی دانیشتووانی مەدەنی و باڵەخانە حكومییەكانی گرتووەتەوە.

پێشتر ڕوسیا سەرەڕای دووپاتكردنەوەی نەبوونی هیچ نییەتێك بۆ هێرشكردنەسەر ئۆكرانیا، بەڵام نەیشاردووەتەوە كە ئامادەیە بەرگری لە ناوچەی دۆنباسی خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا بكات، كە هەردوو كۆماری دۆنیتسك و لۆگانسك لەخۆدەگرێت.

بۆیە بەشێك لە میدیاكانی خۆرئاوا پێیانوایە، هەڵكشانە سەربازییەكانی خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا دەستیان لەپشتە و ڕوسیا دەیەوێت بیانكاتە بیانوو بۆ هێرشكردنەسەر ئۆكرانیا، ستراتیژێك كە بە “ئاڵای ساختە” ناسراوە و لە بەشێك لە جەنگەكانی پێشوودا بەكارهاتووە.

لەم نێوەندەدا تا ئێستا ئەمریكا، بەریتانیا و خوودی ناتۆ سوورن لەسەر ئەوەی ڕوسیا هێرشەكەی بۆسەر ئۆكرانیا ئەنجامدەدات.

لە دوایین لێدوانیدا، یانس ستۆڵتنبێرگ ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ ڕایگەیاندووە، هەموو ئاماژەكان بەرەو ئەوەن كە ڕوسیا لەپلانیدایە هێرشێكی بەرفراوان بكاتەسەر ئۆكرانیا، دووپاتیشیكردەوە، ڕوسیا نەك هێزی نەكشاندووەتەوە، بەڵكو هێزی نوێی ناردووەتە سەر سنوور لەگەڵ ئۆكرانیا و “هەوڵی دۆزینەوەی بیانوو دەدات بۆ ئەنجامدانی هێرشەكە”.

بابەتی پێشتر

بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا قەیرانەکانی ئەردۆغان قوڵدەکاتەوە

بابەتی دواتر

زانکۆی سلێمانی: بەهەوڵی بافڵ جەلال تاڵەبانی دەست بە دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکاران دەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

توێژینه‌وه‌یه‌ك: چای گەرم مه‌ترسیی تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ دروستدەكات ‏

به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌كى كۆمه‌ڵگه‌ی پزیشكیی شێرپه‌نجه‌ى ئه‌مریكی، خواردنه‌وه‌ى چای زۆر ‏گەرم مه‌ترسیی تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ زیاتر ده‌كات.‏ كۆمه‌ڵگه‌ پزیشكییه‌كه‌…
Total
0
Share