توانەوەی ڕووبارێكی بەستوو لە شاخی ئەلب بووە هۆی گۆڕینی سنووری نێوان سویسرا و ئیتاڵیا، ئەمەش شاخێكی ئیتاڵیای كردە جێناكۆك، وەك ئەوەی ڕۆژنامەی گاردیان-ی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە.
بەپێی وتەی سەرچاوەیەك، هێڵی سنووری نێوان هەردوو وڵات بەدرێژایی ئەو ناوچەیەی ڕووبارە بەستووەكەی پیاتێپەڕدەبێت لە هەردوو بەشی شاخی ئەلب درێژدەبێتەوە.
وتیشی، “بەڵام پاشەكشەی ڕووباری سەهۆڵبەندی تیۆدۆڵ لە سویسرا بەو مانایەیە كە ئاوی تواوە دزەیكردووە بەرەو پەناگەی “دێل کوێرڤینۆ”ی ئیتاڵی كە دەكەوێتە نزیک لوتکەی چیای (تێستا گرێجیا) و بەرزییەکەی 3480 مەترە”.
بەر لە چەند ڕۆژێك یەكێك لە گەشتیاران سەردانی چێشتخانەیەكی ئیتاڵی لە ناوچەكە كرد و پرسی، “كەواتە، ئێمە لە سویسرا-ین؟”.
گاردیان دەڵێت، ئەو پرسیارە شایەنی وەڵامدانەوەیە، بەوهۆیەی پرسەكە بووەتە بابەتی وتووێژی دیپلۆماسی نێوان هەردوو وڵات، كە لە ساڵی 2018 دەستیپێكردووە و ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو كۆتاییهات، بەڵام وردەكاریی ڕێككەوتنەكە بەر لە ساڵی 2023 ئاشكراناكرێت، واتە تا ئەوكاتەی لەلایەن حكومەتی سویسراوە ڕەزامەندی لەسەر دەدرێت.
ڕوونیشیكردەوە چێشتخانەكە ساڵی 1984 لەسەر خاكی ئیتاڵیا بونیادنراوە، بەڵام لەڕووی هونەرییەوە لەمڕۆدا سێیەكی كەوتووەتە باشووری سویسراوە.
ئالان ویچت گەورە بەرپرسی سنوور لە ئاژانسی نەخشەكێشانی نیشتمانیی سویسرا ڕایگەیاند، ڕێككەوتین لەسەر دابەشكردنی جیاوازییەكەی نێوانمان.. هیچكام لەهەردوولا براوەی دانوستانەكان نابن، بەڵام لانیكەم هیچ لایەكیش دۆڕاو نابێت.
لایەنی ئیتاڵی هەر جۆرە لێدوانێكی لەوبارەیەوە ڕەتكردووەتەوە بەهۆی “دۆخی دژواری نێودەوڵەتی”.