ئەڵمانیا بەدوای هێزی كاردا دەگەڕێت

لە پیشەسازییە قورسەكانەوە تا بواری چاودێریی تەندروستی و تا دەگاتە پیشەكانی چاككردنەوەی ناوماڵ، سەرجەمیان لە ئەڵمانیا لەبەردەم كەمیی كارمەند، كرێكار و هێزی كاردان، پێدەچێت گۆڕانكاری لە یاسای كۆچ یەكێك لە ڕێگاچارەكان بێت بۆ ڕاكێشانی كرێكاری بیانی بۆ وڵاتەكە.

لەم ڕۆژانەدا لە ئەڵمانیا ئەگەر بتەوێت خواردن لە دەرەوە بخۆیت، مێز و كورسیی چۆڵت لە چێشتخانەكان دەستدەكەوێت، بەڵام شێف و تیمی خزمەتگوزاریی بەردەست نییە بۆ ئەوەی ژەمێكت پێشكەش بكات. ئەمە یەكێكە لە كۆی ئەو كەرتانەی لە وڵاتەكەدا بەدەست كەمیی هێزی كارەوە دەناڵێنێت.

شەمەندەفەر و فڕۆكەكان یان درەنگ لە وادەی خۆیان دەردەچن یان گەشتەكان هەڵدەوەشێندرێنەوە بەهۆی كەمیی كرێكار لە وێستگە و فڕۆكەخانەكان. بەپێی ئامارێك كە یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی ئەڵمانیا ئەنجامیداوە، نزیكەی 56%ی كۆمپانیاكان بەدەست كەمیی كارمەندەوە دەناڵێنن، ئەو كۆمپانیایانەی ڕاپرسییەكە گرتوونیەتەوە پێیانوایە كەمیی هێزی كار لە گەورەترین ئەو مەترسییانەیە كە ڕووبەڕووی دەبنەوە.

لەسەر ئاستی نیشتمانی، زیاتر لە 1.7 ملیۆن هەلی كار ئێستا هەن، ئاژانسی بەكارخستنی فیدراڵیی ئەڵمانی تێبینی بوونی كەموكوڕی لە 148 بواری وەزیفیدا كردووە، لەنێویاندا 122 بواریان لە دۆخێكدان كە بە زۆر مەترسیدار دادەنرێن بەهۆی كەمیی هێزی كارەوە.

بۆ نمونە خانەی چاودێریی بەساڵاچووان نزیكەی هەشت مانگ چاوەڕوان دەكات تا دەستی بە كرێكارێك دەگات. هەرچی كۆمپانیاكانی بەڵێندەرایەتییە، ماوەی چاوەڕوانكردنیان نزیكەی شەش مانگە.

ماركۆس ڤینتەر بەڕێوەبەری ئاژانسی (IDS) لە ویلایەتی بادن ڤۆرتمبێرگ لە باشووری ئەڵمانیا وتی، لە پێنج تا دە ساڵی پێشوو، ڕیكلاممان بۆ فرۆشتنی خزمەتگوزارییەكانمان دەكرد، بەڵام ئێستا لەڕێی میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ڕیكلام بۆ دۆزینەوە و ڕاكێشانی كارمەند دەكەین.

كۆمپانیاكەی لەئێستادا 750 كەسی خستووەتەسەر كار و هەوڵ بۆ دۆزینەوەی كرێكار بۆ 20 بواری دیكە دەدات، لەوانەش دروستكردنی قوفڵ، وێنە و لێخوڕینی شۆفڵ و ئامێرەكانی دیكە.

ڤینتەر وتی، “كەمییەكە تەنها لە هەندێك لە بوارەكانی پسپۆڕیی ورددا نییە، بەڵكو درێژبووەتەوە و بووەتە كێشەیەكی گەورەی كار”. ئەوەشی وت، “كرێكاری ناشارەزاش هەلی كاركردنی هەیە”.

سەرەڕای هەندێك هۆكاری نوێ، كێشەی كەمیی كرێكار لە ئەوروپا ماوەیەكی زۆرە پێشبینیكراوە، بەپێی هێربەرت بروكەر مامۆستا لە پەیمانگای تایبەت بە دامەزراندن (IAB) لە نۆرمبێرگ و وتی، “ئێمە ئێستا لە دۆخێكی كارەساتبارداین، لە زووەوە ڕوودانی پێشبینیكراو بوو”.

ساڵانە ئەڵمانیا نزیكەی 350 هەزار كەس لە تەمەنی كاركردن لەدەستدەدات، ئەمانە ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە ڕاستەوخۆ لە ساڵانی پاش جەنگی جیهانیی دووەم لەدایكبوون. ئەوان خانەنشین دەبن، لەكاتێكدا ژمارەی پێویستیی گەنجان نین بۆ ئەوەی شوێنیان بگرنەوە. تا ساڵی 2035 بازاڕی كار نزیكەی حەوت ملیۆن كەس لەدەستدەدات، وەك ئەوەی شارەزایان دەیڵێن.

پێشتر ئەڵمانیا دەیتوانی پشت بە كرێكاری وڵاتانی دیكەی یەكێتیی ئەوروپا ببەستێت بۆ قەرەبووكردنەوەی كەمیی ناوخۆ، بەڵام لەئێستادا ئەم سەرچاوەیە كەمیكردووە، وەك ئەوەی بروكەر دەیڵێت، وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا لە دۆخی گۆڕانی دیمۆگرافیدان، ڕووبەڕووی گۆڕانیی ئابوری بوونەتەوە، بەشێوەی كرداری ئەگەری پشتبەستن پێیان بۆ ڕاكێشانی هێزی كار كۆتایی هاتووە.

چاوەڕوان دەكرا ئەو یاسایەی لە ساڵی 2020دا دەرچوو ببێتەهۆی ڕاكێشانی 400 هەزار كرێكاری بیانی كە ئەڵمانیا ساڵانە پێویستی بوو بۆ كاركردن و مانەوە لەو وڵاتە. لە ساڵی یەكەمیدا، یاساكە تەنها 30 هەزاری ڕاكێشا، كە بەپێی وتەی برۆكەر “مایەی بێهیواییە”.

بۆیە حكومەتی ئەڵمانیا چاوی لەسەر سەرلەنوێ هەمواركردنەوەی یاساكە و دیاریكردنی خاڵە سەرەكییەكانیەتی لە ئەیلولی داهاتوو. گۆڕانكارییە پێشبینیكراوەكان كردنەوەی بازاڕی كار بۆ ئەوانەی شارەزایی دیاریكراویان هەیە دەگرێتەوە، تەنانەت ئەگەر خاوەن بڕوانامەی بڕواپێكراوی كارەكەش نەبن، لەگەڵ كارئاسانیی زیاتر بەڕووی كۆچبەراندا.

س: DW

بابەتی پێشتر

دوایین زانیاری لەسەر بازاڕی گواستنەوەی بەرشلۆنە

بابەتی دواتر

دەمانچەی ئاڵتوون كچە مۆدێلێك ڕووبەڕووی سزا دەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share