وەزارەتی نەوتی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی کشانەوەی سێ کۆمپانیای نەوتی ئەمریکیی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، بەپێی ڕوونکردنەوەکە ئەو کۆمپانیایانە بەڵێنیانداوە چ بە ناوی ئێستایان چ بە ناوی دیکەوە کار لە هەرێمی کوردستان ناکەن.
لە ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا کە دوێنێ دووشەممە بڵاویکردووەتەوە، “لە میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکانەوە زۆر پرسیارمان لێدەکرێت سەبارەت بە کشانەوەی سێ کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی کە لەهەرێمی کوردستان کاریان دەکرد، جەختدەکەینەوە کە هەرسێ کۆمپانیای (شلمبرگەر، بەیکەرهیوز و هالیبرتۆن) کە سێ کۆمپانیای جیهانیی بواری خزمەتگوزارییەکانی نەوتن، پابەندن بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق و دڵنیاییانداوە کە هیچ پڕۆژەیەک لەو بوارەدا پێشکەش بە هەرێمی کوردستان ناکەن”.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە، “ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە ئێستا سەرقاڵی پاکتاوکردن و کۆتاییهێنان بە گرێبەست و کارەکانیان، جەختیشیانکردووەتە لەژێر هیچ ناو و هێمایەکی بازرگانیی دیکەدا چ بەناوی خۆیان یان بەناوی دیکەوە پێچەوانەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کارناکەن”.